مەرسییەی مەلا بەھائەددینی برازام
لە (15)ی ڕبیعولئەووەلی سەنەی 1374، ڕێکەوتی 11/12/1954 وەفاتی کرد لە دێی (کارێزە)ی ناوشوان وا لە خاڵخاڵان ناشتراوە. خودایە عەفووی بکەی
از کتاب:
دیوانی عاسی
اثر:
ملا مصطفی عاصی (1885-1975)
1 دقیقه
1214 مشاهده
قووەیی نوقم نەماوە فیکر و هۆشم کەم بووە
ئاگری مەرگی عەزیزە وا لە جەرگم بەربووە
گەر دەپرسن بۆچی ئێستا سینەکەم وێرانەیە
قونبولەی فرمێسکی چاوم بۆردومانی کردووە
نووری چاوم قووتی ڕووحم هێزی ئەندام و دڵم
نەوجەوانی جوانە مەرگم کۆچی دوایی کردووە
ئاخەئاخی وەختی نەزعی حەسرەتا مام نەهات
بۆتە خۆرە وا لە جەرگم زۆر بە ناسۆر کەوتووە
یادی دەرناچێ لە قەلبم مەنزەرەی ڕوخسارەکەی
دڵ وەکوو ئاوێنە عەکسی قەد و باڵای گرتووە
بای ئەجەل هات و لەناکاو مەدرەسەی پێچایەوە
حوجرەکەی تەدریسی ئێستا تۆزی غەم لێی نیشتووە
یەک هەزار و سێ سەد و حەفتا و چوار بوو کۆچی کرد
چۆتە خاڵخاڵانی پیرۆز تا قیامەت خەوتووە