هەر ئەو حەکیمە و هەر ئەو کوڕە جارێک کە...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٨)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  491 مشاهده

هەر ئەو حەکیمە و هەر ئەو کوڕە:

جارێک کە ئامۆژگاری کوڕەکەی کرد وتی: ڕۆڵە! کە چوویتە سەر نەخۆش ئەگەر هیچت بۆ دەر نەکەوت بیکەی بە نیشانەی نەخۆشییەکەی و فیکریشت بۆ ئەوە نەچوو کەدەرمانێکی بۆ بنوێنی بڵێ ئاوی بدەنێ، ئاو لە هەموو شت بێ مزەڕەتترە، کە هاتیەوە چۆنیەتی نەخۆشەکەم بۆ باس بکە من دەرمانەکەیت پێ ئەڵێم.

ڕۆژێک هاتن بە شوێنیا و چووە سەر نەخۆشێک، هەر چەندە چاوی گێڕا شتێکی بەرچاو نەکەوت بیکا بە بەهانەی نەخۆشییەکەی، دنیاش سارد نەبوو، تا بڵێ سەرمای بووە و نەخۆش کەوتووە. وتی: ئەمە سکی وەستاوە ئاوی بدەنێ، ئەوەندەیان ئاو کرد بە گەروویا تا جێگە نەما و ئاوەکە لە دەمیەوە ئەهاتە دەرەوە، ئەویش هەر ئەیوت ئاوی بدەنێ. وتیان: جێگا نەماوە. وتی: دەستووری کەن بە ئاو، ئاوی بدەنێ. ئەوانیش دەستیان کرد بە حوقنە کردنی، ئەمیش هەر ئەیوت: ئاوی بدەنێ، ئەوەندەیان ئاو لەسەر و خوارەوە کردە ناو سکی نەخۆشەوە، سکی نەخۆش وەکوو هیزەی فودراوی لێ هات، شەقەیەک هات و لێک بۆوە! کابرا ڕاچەنی وتی: ئەوە چی بوو؟ وتیان: نەخۆشەکە بوو شەقی برد! وتی: بەداخەوە لەوێش بە تێهەڵدان دەریان کرد، هاتەوە بۆ لای باوکی کارەساتی گێڕایەوە. باوکی وتی: خوا بتگرێ ڕۆڵە بۆ ئەقڵت، ئیتر لەو ڕۆژەشەوە کوڕەیان ناو نا «حەکیم قوو نابێ» و ئەو ناوەی بڕا بە سەرا! باوکیشی تۆبەی کرد ئیتر نە ئامۆژگاری کرد، نە ناردیشی بۆ سەر نەخۆش، وتی «داری ژاڵە بێ بەرە!»