ئەگێڕنەوە حەکیمێک کوڕێکی هەبوو ئەیویست...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٨)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  584 مشاهده

ئەگێڕنەوە:

حەکیمێک کوڕێکی هەبوو ئەیویست فێری حەکیمی بکا، ئەویت ڕۆڵە کە چوویتە سەر نەخۆشێک لە پێشا لە حەوشەکەدا کە چوویتە ژوورەوە چاوێک بگێڕە بزانە چی کەوتووە، بڵێ لەوەی خواردووە بۆیە نەخۆش کەوتووە بزانە ئەگەر توێکڵە هێلکە کەوتبوو بڵێ ئەمە هێلکەی زۆری خواردووە و سکی توند کردووە، ئەگەر پەڕی مریشک کەوتبوو بڵێ ئەمە گۆشتی مریشکی شەرمەندی خواردووە و ساری کردووە، ئەگەرم ماست و دۆ و شتە ڕژابوو بڵێ ئەمە ماستی خواردووە و ساری کردووە، هەروا بەو جۆرە هەموو شت. کوڕە بە پێی ئامۆژگاریەکەی باوکی ئەچوو بەڕێوە و لەسەر هەر نەخۆشێک شتێکی بۆ ئەدۆزیەوە و ئەیکرد بە بەهانەی نەخۆشیەکەی.

ڕۆژێک چووە سەر نەخۆشێک هەرچەندە چاوی گێڕا لە حەوشە و دوروبەریا هیچی بەرچاو نەکەوت بیکا بە بەهانە، تەنیا ئەوی لەو ناوەدا کەوتبوو کورتانە کەرێک بوو. چوو ژوورەوە هەندێ سەیری نەخۆشەکەی کرد و وتی: ئەمە بۆیە نەخۆش کەوتووە چونکە گۆشتی کەری زۆر خواردووە. خەڵکەکە ئەم شتەیان بەلاوە زۆر سەیر بوو، ئەتوانم بڵێم هەیتڕەیان لێ کرد و بە سەر و گوێلاک شکاوی گێڕایانەوە دواوە. کە هاتەوە باوکی چاوی بەو کارەساتە کەوت وتی: ئەمە چییە؟ وتی: بابە لەسەر ئامۆژگارییەکەی تۆ کە چووم چاوم گێڕا هیچم بەرچاو نەکەوت، کورتانە کەرێک لە حەوشەکەدا بوو، وتم ئەم نەخۆشە گۆشتی کەری خواردووە، واو وایان لێ کردم. باوکی وتی: خوا بتگرێ ڕۆڵە بۆ خۆت و ئەقڵت، من کە ئامۆژگاریم کردی ئاوام کردی!