جاران لەو خوارە داواکردنی پێغەمبەری باوێکی...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٨)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 1 دقیقه  525 مشاهده

جاران لەو خوارە داواکردنی پێغەمبەری باوێکی زۆری هەبوو. هەر کەس هەڵئەستا داوای پێغەمبەری ئەکرد. لە ساڵی ٣٢٥ هجری کابرایەک ڕاست بووەوە وتی من پێغەمبەرم. وتیان پەرجۆت(موعجیزە) چییە؟ وتی هەر کەسە کچێکی جوان یا خوشک یا ژنێکی هەبێ بۆم بێنێ من خێرا سکی پڕ ئەکەم. هەر ئەو کاتە کوڕێکی جوانی ئەبێ، لە باوکی کچە، یا مێردی ژنە، یا لە برای خوشکەکە ئەکا. کە ئیش ئەگەیشتە ئێرە زۆر کەس ئەیانوت ئەشەنوبیلا تۆ پێغەمبەریت.

جارێک گرتیان و بردیانە لای پادشا. هەر چەشنی قسەی ئەکرد. پیاوێک ڕاست بووەوە وتی یا پێغەمبەری خوا! من نە کچم هەیە نە ژن و نە خوشک، بزنێکم هەیە بۆت دێنم ئاوسی کە. پێغەمبەر هەر هەستا ڕاست بووەوە و ویستی بڕوا، وتیان بۆ کوێ ئەچی؟ وتی ئەچم بۆ لای جبرەئیل پێی ئەڵێم ئەمانە تەگەیان ئەوێ، ئیشێکیان بە پێغەمبەر نییە. دەستیان کرد بە پێکەنین و بەڕەڵایان کرد.