لە داستانی کوردەوارییە، ئەڵێ جارێک پادشای...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٨)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 3 دقیقه  701 مشاهده

لە داستانی کوردەوارییە، ئەڵێ:

جارێک پادشای شارێک مرد و یەکێکی تر بە بێ قسە هات نیشتە شوێنەکەی و خۆی کرد بە پادشا. هەر شتێکی کرد -لە چاکە یا خراپە- کردی و درێغی نەکرد. پادشاکەی پێشوو وەزیرێکی زۆری هەبوو، یەکە یەکە بانگی کردنە لای خۆی و ئەم پرسیارەی لێ کردن کە؛ ئایا من خوا هێناومی یا خۆم هاتووم؟ ئەو کەسەی کە ئەیوت خوا هێناوتی، ئەیدا لە ملی ئەیپەڕاند. ئەو کەسەش کە ئەیوت خۆت هاتووی و بە ئازایەتی خۆت بوویت بە پادشا، ئەیدا لە ملی ئەویش، ئەویشی هەر ئەکوشت. ئەمە بوو بە بەڵایەکی گەورە بەسەر وڵاتەکەوە، هەر کەس هەر شتێکی ئەوت لە کوشتن بەو لاوە هیچی تری دەست نەئەکەوت. ئەمجا سەرە هاتە سەر خەڵکی تر، ئەنجامی ئەوانیش وەکوو ئەنجامی وەزیرەکان بوو. پیاوێکی پیر مابوو سەرە هاتە سەر ئەو. پیاوە هەر سەرەی گەیشتە سەر بە جارێ هەناسەی لێ بڕا. چونکە ئەیزانی بەشی ئەویش وەکوو بەشی ئەوانی ترە. کوڕێکی مناڵکاری هەبوو، کوڕە وتی باوە من بنێرە جوابی ئەدەمەوە. باوکەکە وتی ڕۆڵە ئەم هەموو عالەمە نەیانتوانیوە جوابی بدەنەوە ئێستا تۆ چۆن جوابت پێ ئەدرێتەوە؟ جوابەکەی تۆیش هەر جوابی ئەوانە و ئەنجامیشت وەکوو ئەنجامی ئەوانە. نەوەڵڵا کە ئەنجام هەر کوشتنە با هەر خۆم بچم. ئەو دڵەم نییە کە تۆ لە بەرچاومەوە سەر ببڕن. کوڕە وتی هەر ئەبێ بمنێریت یا جواب ئەدەمەوە یان منیش وەکوو ئەو عالەمە. بە هەر جۆر بوو باوکی ڕازی کرد. باوک وتی باشە بڕۆ.

کوڕە هەستا چوو بۆ بارەگای پادشا، حوشترێک و بزنێکی لەگەڵ خۆی برد. لە بەربارەگای پادشادا بەستنیەوە و خەبەریان نارد بۆ پادشا کە یەکێک هاتووە بۆ وەڵامدانەوە. پادشا وتی با بێتە ژوورەوە. کوڕە چووە ژوورەوە. پادشا مناڵێکی بەرچاو کەوت. وتی ئەوە کەسێکی لە تۆ گەورەتر نەبوو بێت؟ کوڕە وتی بەڵێ هەیە، کوڕ هاتە دەرەوە. هەوساری حوشتری گرت و بردیە ژوورەوە. پادشا زۆری بە لاوە سەیر بوو. وتی کوڕم یەکێک کە ڕیشێکی هەبێت و دنیای دیبێت. کوڕە دیسان هاتە دەرەوە ڕیشی بزنەکەی گرت و بردیە ژوورەوە. کوڕە وتی پادشاهم ڕیشدارت ئەوێ ئەمە ڕیش، چاوت لێیە چ ڕیشێکی هەیە. پادشا ئەوەندەی تر لێی بە ڕقا چوو. لە دڵی خۆیا وتی بۆ ئێستە بیکوژم، پرسیارەکەی لێ ئەکەم، جواب ناداتەوە، ئەو وەختە ئەیکوژم. وتی باشە ڕۆڵە، باشە. کوڕە وتی پادشاهم پرسیارت بکە. پادشا وتی؛ من خوا هێناومی یا خۆم هاتووم؟ کوڕە وتی:

پادشاهم نە خوا هێناوتی: نە خۆیشت هاتوویت. پادشا وتی ئەی کێ منی هێناوە؟ کوڕە وتی کردەوەی ئێمە. ئەگەر ئێمە باش بووینایە تۆ باش ئەبوویت. پادشا وەڵامی کوڕەکەی زۆر بە دڵ بوو، کوڕەی گرت ماچی کردەوە، ناردی باوکیان هێنا و کردی بە وەزیری خۆی، ئەو زوڵم و ستەمەش کە هەیبوو هەمووی لابرد. عالەم هەموو کەوتنە خۆشیەوە. پاش بەینێک بە کوڕەکەی وت چاوت لێیە کە چەند چاک بووم؟ کوڕە وتی پادشاهم ئەوە ئێمە چاک بووین بۆیە تۆیش چاک بوویت. پادشا ئەوندەی تر قسەکەی پێ خۆش بوو.