ئەڵێ لە سەرگوزەشتی کوردییە جارێک پیاوێک...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٨)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  495 مشاهده

ئەڵێ لە سەرگوزەشتی کوردییە:

جارێک پیاوێک لەگەڵ ژنەکەیا لە ماڵا کەوێکی سوورەوە کراویان لەبەردەما بوو ئەیانخوارد، لەو وەختەدا هەژارێک هاتە بەر دەرگا، داوای شتێکی لێ کردن، پیاوەکە هەستا چووە دەرەوە دەری کرد و گەلێ قسەی ناشیرینیشی پێ وت!

زەمان پشتی لە کابرا هەڵکرد، ماڵ و سامان نەما و ژنیشی تەڵاق دا. ژنە چوو مێردی کرد بە پیاوێکی تر. ڕۆژێک لە ڕۆژان ژنە لەگەڵ مێردەکەیا بە خۆشی دانیشتبوون کەوێکی سوورەوەکراویان لەبەر دەما بوو، دەستیان درێژ کرد بۆ خواردنی و نەیانکرد. سواڵکەرێک هاتە بەر دەرگاکە وتی: لەڕێی خوادا شتێکم بدەنێ بیخۆم، پیاوە بە ژنەکەی وت بچۆ ئەم کەوەی بەم نانەوە بۆ بەرە با بیخوا. ژنە چوو، سەیری کرد ئەمە مێردە کۆنەکەیەتی! نانەکەی دایە و بە گریان گەڕایەوە. مێردەکەی پرسی: ئەوە بۆچ ئەگری؟ ئەویش کارەساتەکەی بۆ گێڕایەوە، کە ژنی ئەو پیاوە بووە و جارێک کەوێک لە بەردەممانا بوو فەقیرێک هات داوای شتێکی کرد بیخوا ئەویش چوو دەری کرد و گەلێ قسەی ناشیرینیشی پێ وت. پیاوەکە وتی: دەسا وەڵڵا ئەو هەژارە، کە هاتە بەر دەرگاکەتان ئەوە من بووم!