ئەمە کارەساتێک بووە کە بە داستانی گوێی...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٨)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 6 دقیقه  616 مشاهده

ئەمە کارەساتێک بووە کە بە داستانی گوێی ئاگردان لە ناو کوردا ئەیگێڕنەوە، لە وێنەی ئەمە کارەساتێک کە ڕووی داوە و داستان نییە. هەر لە ڕاستیدا ڕووی داوە. ئەمەش بۆ ڕووداوی مێژوو ئەگێڕمەوە:

زستانی ساڵی ١٩١٩ زستانێکی سەخت و تووش بو. گرانی گەورەش هێشتا پاشەلەقەی مابوو. بێ حوکومەتی و بێ ئارامی خێوەتی ڕەشی خۆی بەسەر وڵاتا هەڵدابوو. میرزا سەیفوڵڵا هەبوو لە سنە پیاوێک بوو خۆی بە خۆی پێ گەیشتبوو، دەوڵەمەند بووبوو. بووبوو بە خاوەن پارە، ماڵەکەی تۆزێ کەوتبووە قەراخ شارەوە. هەر خۆی و ژنەکەی بوو لەو ماڵە گەورەدا، {tt|ژێرماڵە|کەیشیان هەبوو. ژێرماڵە ئەوە بوو کە ئەهلی لادێکان لەبەر لێشاوی عرووس و لەبەر فەلاکەتی گرانی ڕوویان ئەکردە شارەکە. ئەو ماڵەی کە تۆزێ حاڵی پاش بوایە ژێرخانێکی ئەدا بە یەکێ لە وانە بەبێ ئەوە پارەی لێ وەربگرێ. ئەوانیش خزمەتی ماڵەکەیان ئەکرد، لە بان ماڵین، لە نان کردن و حاجەت شتن. دیسان خاوەنماڵیش یارمەتی خواردەمەنی و جلوبەرگی کۆنەشی ئەدان. بەمانەیان ئەوت «ژێرماڵە».

میرزا سەیفوڵڵا ژێرماڵەیەکی وای خەڵکی دێ «خرۆسە»ی لە ماڵا هەبوو. ئەم ژێرماڵەیشە هەر خۆی و ژنەکەی بوو. شارەزای هەموو سوچێکی ماڵەکە بووبوو، تەنانەت ئەیزانی سندۆقی پارەکەی میرزاسەیفوڵڵا و دەمانچەکەشی لە کوێیە.

ئەم کابرای ژێرماڵە لەگەڵ سێ کەسی تری خەڵکی دەرەوەدا قسە ئەکا بە یەک کە شەو لە ناکاوێک بێن، ئەم قاپی حەوشەیان بۆ بکاتەوە میرزا سەیفوڵڵا خانەبگیر بکەن. خانەبگیر ئەوە بووە کە، بە شەو دەستەیەک ئەچنە سەر ماڵێک بە بێ تەقە و هەرا ئەچنە ژوورەوە، خاوەنماڵ ئەگرن و ئەیکوژن. نەختینە و شتی تر کە بە وەزن سووک و بە قیمەت گرانە ئەیبەن و ئەڕۆن. حوکومەت و شتەش نییە تا شوێنیان کەوێ، ئەو هەژارە هەم سەری ئەڕوا، هەم ماڵی!. شەوێکی تۆف و بەفر و تاریک سێ کەسەکە دێن -کە پێشتر ژوانیان گرتبوو- کابرای ژێرماڵە قاپی حەوشەیان بۆ ئەکاتەوە و قاپی لەو دیوەوە دائەخەن. میرزا سەیفوڵڵا و ژنەکەشی نوستوون، پێش هەموو شتێ ئەچن دەمانچەکە لەژێر سەریا دەرئەکەن، ئەمجا چرا هەڵئەکەن و بەردەماخ ئەدەن، میرزا سەیفوڵڵا هەڵئەستێنن و بەرئەبنە سەر و پۆتەلاکی. یەکێکیان دەست ئەگرێ بەسەر دەمیا نایەڵێ دەنگیشی دەرچێ، ژنەکەشی سەرینێک ئەخەنە سەردەمی و ژنی کابرای ژێرماڵەی بە لاوە دائەنێن تا خەفە ئەبێ. میرزا سەیفوڵڵا هەرچەندە ئەپاڕێتەوە و هاوار ئەکا بێ کەڵک ئەبێ. ژێرماڵەکەی خۆی ئەناسێتەوە، ئەڵێ کوڕە ئەمە پیاوەتی نییە تۆ ئەیکەی، ئەتناسم. چیم هەیە بیبەن مەمکوژن. ژێرماڵە کە ئەزانێ ناسیویەتەەوە چەقۆیەک دێنێ بە ملیا سەری ئەبڕێ. بیرێک لە حەوشەکەدا ئەبێ لاشەکەی ئەخەنە بیرەکەوە.

ئەمجا بە شێنەیی سندووقە پارە و زێر و زیو و نەختینەی تر چی ئەبێ -کە کابرای ژێرماڵە شارەزای هەموویەتی- ئەیهێنن لەسەر کورسییەک بەشی ئەکەن و هەر کەسە بەشی خۆی ئەخاتە تەنکەی باخەڵی و لێ ئەدەن ئەڕۆن. ژێرماڵەش قاپیان لەسەر دائەخاتەوە و ئەویش لەگەڵ ژنی خۆیدا ئەخەوێ. بەیانی هەرا پەیدا ئەبێ کە ماڵی میرزا سەیفوڵڵا خانەبگیر کراوە. ژێرماڵەش ئەڵێ من ئاگام لە هیچ نییە، بە شوێنی چۆڕاوگەی خوێنەکەدا لاشەکە لە بیرەکە ئەدۆزنەوە، دەریئەکەن و ئەینێژن.

ڕێکەوت چۆن ئەبێ، خزمێکی میرزا سەیفوڵڵا ئەبێ «ئاغە باوا»ی ناو ئەبێ، دووکانی عەتاری ئەبێ لە لای مزگەوتی حاجیەولەسەن. ئەو شەوە کە میرزا سەیفوڵڵا ئەکوژرێ، یەکێ لە دزەکان لە بەیانیدا ئەچێتە لای ئاغەباوا شت بکڕێ، کیسە و یەنمۆرەکەی میرزا سەیفوڵڵا لای ئەو ئەبێ. کیسە و یەنمۆرەکەی دەردێنێ و پارە دەرئەکا. ئاغەباوە چاوی پێ ئەکەوێ ئەیناسێتەوە کە ئەمە هی میرزا سەیفوڵڵایە، بەڵام هێشتا خەبەری کوشتنی ئەوی نەبیستووە. کابرا ئەڕوا لە پاشا کوشتنی میرزا سەیفوڵڵا بڵاو ئەبێتەوە. ئاغە باوا خۆی ئەیگێڕایەوە ئەیوت لە ترسی ئەوە کە نەوەک ئەو دزانە بڵێن ئەویشمان لەگەڵ بووە، هەر دەنگم نەکرد، چونکە دنیایەکە زۆر بێ سەروبەرە بوو. لەوانە بوو حوکومەتە پووچەڵەی ئەو وەختە منیان بگرتایە و دزیش لەو لاوە بۆ خۆی دەربچوایە.

لە پاش یەک دوو ڕۆژ ژێرماڵەکەش لە ماڵی میرزا سەیفوڵڵا بار ئەکا و ئەڕوا. ئەو کەسانە کە ئەو ئیشەیان کردبوو هەموو هیچ و پووچ و نەدارا بوون. گەلێ خەڵکی شارەکە ئەیانناسین کە هەژار و لاتن، چونکە ئەچوون قوڕەکاریان ئەکرد ڕۆژێ بە قەڕانێ یا قڕان و نیوێک. ئەو پارەیە بە کوڵەمەرگی بەشی ئەکردن، چونکە تا ڕۆژێ عەمەلەییان دەست ئەکەوت چوار ڕۆژ دەستیان نەئەکەوت. کەچی لە دوای ئەو کارەساتە بە بێ ڕەحمانە پارەیان خەرج ئەکرد و ئەیانخوارد،.خەڵکەکە ئەمەیان ئەزانی، بەڵام قەت دڵیان بە لای ئەوەدا نەئەچوو کە ئەمانە تاوانێکی وایان کردووە، حوکومەتێکی ڕێکوپێکیش لە ناوا نەبوو تا لە ئیش بکۆڵێتەوە.

لە پاش ماوەیەک لە سەردەمی حوکومەتی «شەریفودەولە»دا، ژنی کابرای ژێرماڵە لەگەڵ مێردەکەیا ئەبێ بە شەڕیان، ژنە سێ و دووی لێ ناکا ئەچێتە لای شەریفودەلە ئەڵێ مێردەکەی من لەگەڵ سێ کەسی تر میرزا سەیفوڵڵایان کوشتووە. شەریفودەلە ناو و نیشانی کابرا وەرئەگرێ و ژنە لای خۆی گل ئەداتەوە، دەم و دەست ئەنێرێ کابرا ئەگرن. کابرا ئەخاتە ژێر ئەشکەنجەوە، ڕاستی سێ کەسەی تریشی پێ ئەڵێ و ناو و نیشانی ئەوانیش لەو وەرئەگرێ، سێ کەسەکە یەکێکیان هەر لە ناوشار مابوو، دووەکەی تر چووبوونە دەرەوە، ئەنێرێ ئەوانی تریش پەیدا ئەکەن و ئەیانگرن. هەموو دان ئەنێن بەوەدا کە ئەوان میرزا سەیفوڵڵا یان کوشتووە. شەریفودەلە لە ئەنجاما هەر سێکیان تیرباران ئەکا و ژنەکەش بە حەپسێکی درێژ حەپس ئەکا.

ئەم کارەساتی خانەبگیرکردنی میرزا سەیفوڵڵایە لە سەردەمێکا بوو، کە ئەبولحەسەن خان «سەردار محی ڕشتی» سنە بووە.