لە قسەی گوێی ئاگردانی کوردییەوە ئەڵێ ڕۆژێک...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٨)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 6 دقیقه  1058 مشاهده

لە قسەی گوێی ئاگردانی کوردییەوە. ئەڵێ:

ڕۆژێک سوڵتان مەحموود و هەیاسی خاس بە ناو بازاڕا ئەڕۆیشتن، تەماشایان کرد پیاوێکی ڕیش سپی سێ کۆمەڵە خۆڵی لە بەردەمایە هاوار ئەکا ئەڵێ: ئەم کۆمەڵە خۆڵانە هەر یەکە گەوهەرێکیان لە ناوایە ئەیانفرۆشم. کێ ئەیەوێ بێت بیانکڕێ. سوڵتان مەحموود گوێی لە قسەی کابرا بوو، وتی ئەم کابرایە چەند گەوجە، ئەگەر گەوهەریان لە ناوایە بۆ چ خۆی گەوهەرەکان هەڵناگرێ؟ هەیاس وتی ئێستا من ئەچم بە لایەوە بزانم چییە. چوو وتی مامەی ڕیش سپی چۆنی ئەفرۆشی؟ وتی کۆمەڵێک بە لیرەیەک. سوڵتان مەحموود وتی ئەمە قسەیە، چۆن گەوهەرێک بە لیرەیەک ئەفرۆشێ؟ هەیاس وتی من ئەیکڕم. وتی مامە ئەمە لیرەیەک و کۆمەڵێکم پێ بفرۆشە. وتی دانیشە. هەیاس دانیشت، مامە چێوێکی گرت بە دەستەوە نایە سەر کۆمەڵێک وتی؛ ئەگەر نهێنیەکت هەبوو بە لای ژنەکەتوو نەیڵێی. وتی یەکێکی ترم پێ بفرۆشە. وتی بێنە لیرەکە. لیرەی دایە و وتی هەرگیز پشت بە زاڵم مەبەستە و ڕووی خۆشی حاکم هەڵتنەخەڵەتێنێ و ئەو کۆمەڵشی تێکدا. مایەوە کۆمەڵێکی تر. وتی یەکێکی ترم پێ بفرۆشە. وتی بێنە لیرەیەک. لیرەی دایە و وتی هەرگیز خزم بە بێگانە نەدەیت. ئەو کۆمەڵەشی تێکدا. هەیاس وتی مامە بۆ چی خۆڵەکەت بڵاو کردەوە؟ وتی ئەوە یانی ئەم خۆڵە بەسەر ئەو کەسە کە بە گوێی ئەم ئامۆژگاریانەی من نەکات.

هەیاس لەگەڵ سوڵتان مەحموودا ڕۆیشتن. سوڵتان وتی بە هەیاس؛ بۆم دەرکەوت تۆ لەو پیاوە بێ ئەقڵتر و گەوجتریت. هەیاس وتی باشە.

سوڵتان «خوشمێ»یەکی هەبوو زۆری خۆش ئەویست. خۆشمیش ئەوەندە جوان بوو هەموو کەس هەر خۆشی ئەویست. بۆ خۆی بە ئارەزووی خۆی سەری بە هەموو ماڵ و دوکانێکا ئەکرد. کەس نەبوو ڕێگای لێ بگرێ. لەبەر ئەوە کە بە بێ سەروبەر بە هەموو لایەکدا ئەگەڕا وا قەڵەو بووبووەوە هەر نەبێتەوە. ڕۆژێک سەری کرد بە ماڵی هەیاسا. هەیاس ژنەکەی لە ماڵ نەبوو، چوو خوشمێی بردە ژوورێکی ژێر زەویەوە شاردیەوە. مێیێکی هەر وەکوو ئەوی هێنایە حەوشەکەوە، لەو وەختەدا ژنەکەی هاتەوە. وتی ئافرەت ئەمە خوشمێ سوڵتانە. زۆر چاخە، خوا ناردوویە، قاپیەکە داخە، سەری ئەبڕین با کەس پێی نەزانێ بۆ خۆمان ئەیخۆین، تۆیش دەنگ مەکە. ژنە قاپی داخست و هەیاس مەڕی سەر بڕی، گروویان و خستیانە دیزە و هەڵیانگرت. یەک دوو ڕۆژ کە خوشمێ دیارنەبوو سوڵتان پیاوی خستە ناوشار کە بیدۆزنەوە، هەر دیارنەبوو. وتی هەر کەس ئەم خوشمێیەی منی لە ناو دابێ سەری ئەبڕم. ئەم هەڕەشەشی کرد ئیتر سۆراخی خۆشمێ بە تەواوی بڕا و سوڵتانیش زۆر بۆی بێ تاقەت بوو. ڕۆژێک هەیاس لەسەر شتێکی هیچ لەگەڵ ژنەکەیا بوو بە دەمەقاڵەیان. ژنە وتی تۆ ئەوە نیت کە خوشمێ سوڵتانت سەر بڕی و لە ناوت دا؟ هەر ئێستا ئەچم خەبەرت لێ ئەدەم. هەیاس وتی ئافرەت! ئافرەتی چاک بە، من کردم تۆ نەتکردبێ، ئەگەر ئێستا تۆ بچیت خەبەر بدەی سوڵتان سەرم ئەبڕێ. ژنە وتی من ئەمانە نازانم، عەزیەتی زۆرمت داوە. ئەچم هەقی خۆمت لێ ئەکەمەوە، هەر چەند هەیاس دەستەودامانی بوو بێ کەڵک بوو. چوو بۆ لای سوڵتان و وتی:

ئەم هەیاسە کە تۆ بە یەکەم دڵسۆزی خۆتت ئەزانی، ئەوەتا ئەو خوشمێکەتی لە بەرچاو منەوە سەر بڕی، هەر چەند هاوارم لێ کرد شتی وا نەکا بە گوێی نەکردم. وتی هەر ئەبێ داخێک بەرمە دڵی سوڵتانەوە.

سوڵتان چووە دەریای غەزەبەوە. وتی ئادەی هەیاسم بە باڵبەستە بۆ بێنن، هەر ئەبێ ئێستا خوێنی ئەویش بەرمە لای خوێنی خوشمێوە. هەیاسیان بە قۆڵبەستەیی هێنایە حوزوور. سوڵتان ڕووی تێ کرد و وتی ئەمە هەموو نمەکەکەت بوو کە ئەتزانی من ئەو خوشمێیەم چەند خۆش ئەویست تۆ بچیت سەری ببڕی و بەو جۆرە من تووشی خەفەتی ئەو بکەی؟ ئادەی جەلاد، سەری لە لەشی جیا کەرەوە. سوڵتان بەرگی غەزەبی پۆشیبوو، هەر چەندە هەیاس وتی پادشاهم من شتی وام نەکردووە بێ کەڵک بوو. وتی لە ژنی خۆت بەو لاوە کەسی تر هەیە کە بەو جۆرە لێتەوە نزیک بێ؟ ئەو هاتووە خەبەری لێ داوی، گوایە ئەو درۆ ئەکا و تۆ ڕاست ئەکەی.

لەبەر ئەوە کە سوڵتان چووبوو بە غەزەبا ئەو هەموو دۆست و ناسراوە کە هەیاس هەیبوو لێی کشانەوە و وتیان یەکێ ئەوندە بەدنمەک بێ هەر کوشتنی باشە. دەستی خۆش بێ سوڵتان، با بیکوژێ.

هەندێ خزمی ڕووتەڵە و هەژار و فەقیری هەیاس هەبوون، کە بیستیان وا سوڵتان مەحموود هەیاس ئەکوژێ، هەر یەکە چی بەر پەل کەوت لە دار و لە تێڵا، کۆبوونەوە و بوو بە هەرا هەرا و دەنگە دەنگ بەر بارەگای سوڵتانیان گرت. وتیان یا ئەمەیە ئەبێ ئێمەش سەر بڕی، یا ئەبێ لە خوێنی هەیاس خۆش ببی. سوڵتان مەحموودیش چووەتە بەرگی غەزەبەوە و لە قسەی خۆی نایەتە خوارەوە. ئەڵێ هەر ئەبێ بکوژرێ. خزمەکانیشی ئەڵێن ئەبێ پێشا ئێمە بکوژی ئەو وەختە هەیاس بکوژە.

ئیش کە گەیشتە ئێرە هەیاس بانگی کرد: پادشاهم! مەمکوژە، خوشمێت ئەوا لە ژووری ژێرزەوی ماڵەکەی منایە، بنێرە بهێننەوە. سوڵتان زۆر سەری سووڕما. لە ڕاستیدا ناردی هێنایان. سەیری کرد ڕاستە خوشمێکەی خۆیەتی. هەستا دەستی کردە ملی هەیاس، ماچی کردەوە و داوای لێبوردنی لێ کرد. هەیاس وتی پادشاهم من و تۆ تازە پێکمانەوە نامانکرێ. بەڵام ئەمە ئەو سێ کۆگا خۆڵەکە بوو کە لە مامەی ڕیش سپیم کڕی و تۆ وتت تۆ لەو گەوجتریت، من ویستم هەر سێکت بخەمە بەرچاو.

من بەدنمەک نیم، ڕۆژێک خوشمێ هاتە ماڵی ئێمە، من بردم شاردمەوە، مەڕێکی ترم هێنا و بە ژنەکەمم وت ئەمە خوشمێی سوڵتانە سەری ئەبڕین. دەنگ مەگە ئەگەر سوڵتان پێی بزانێ سەرم ئەبڕێ. ژنەکەم ئەو نهێنیەی ڕانەگرت و هاتە لای تۆ ئەوەی وتی، وتی.

دووەم من دۆست و خەڵکێکی زۆرم بە دەورەوە بوو کە چاکەم بۆ هەموویان بووبوو. کە هاتە وەختی تەنگ و چەڵەمەی ناخۆشی هەموویان پشتیان تێ هەڵکردم و لێم تەکینەوە. ئەوەی کە هات بە هانامەوە تەنیا خزمە هەژارەکانی خۆم بوون کە هیچ چاکەیەکیشم بۆیان نەبووبوو وە بەڵکوو هەموو دەم هەر لێیان دوور ئەکەوتمەوە.

سێیەم ئەوە بوو وتی بە قسەی خۆشی پادشا هەڵنەخەڵەتێت. ڕاست بوو، ئەم هەموو لوتف و میهرەبانیەی کە تۆ لەگەڵ منت هەبوو، هەمووت بە مەڕێک گۆڕایەوە. ویستم سێ گەوهەرەکەی مامەی ڕیش سپیت سووراوسوور پیشان بدەم و خۆت بە چاوی خۆت بیانبینی.

هەیاس ئەمانەی وت و لێی دا ڕۆیشت تۆرا، سوڵتان مەحموود گەلێ بە شوێنیا گەڕا نەیدۆزیەوە تا بە هۆی کارەساتی گیسکەکەوە دۆزیەوە و ئاشتی کردەوە. هەیاسیش ئیتر لەو وەختە بە دواوە خزمەکانی خۆی لە خۆی کۆ کردەوە، ئەو پشتەی کە جاران بە خەڵکی ئەبەست بەوانی بەست.