ئەزانی داستانی گیسکەکەی هەیاس چۆن بووە لە...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٨)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 4 دقیقه  2932 مشاهده

ئەزانی داستانی گیسکەکەی هەیاس چۆن بووە؟

لە داستانی کوردییە، ئەڵێ:

هەیاسی خاس جارێک لە سوڵتان مەحموود لەسەر کارەساتێک تۆرا و خۆی لێ ون کرد. چوو لە دێیەک لە لای پیاوێکی دەم سپی ئەو دێیە بوو بە سەپان. سوڵتان مەحموود ڕایسپارد هەرچی کەڵێن و قوژبنی مەملەکەت هەبوو گەڕان، ڕێیەکیان لە هەیاسەوە بەدی نەکرد. سوڵتان بە تەواوی کەوتە پەرۆشەوە و کاروباری وڵاتەکەی لەبەر نەبوونی هەیاس بە تەواوی ئاڵۆزا. ئەمجا کەوتە سەر ئەوە کە بەڵکوو بە فێڵ بیدۆزێتەوە، جاڕی دا بە وڵاتا کە هەر کەس مەڕدار و شوانکارەیە وە هەرکەس پیاوماقووڵ و کاربەدەستە، ئەبێ لە فڵانە ڕۆژدا هەموو لە بارەگای سوڵتان حازر بن و کەس دوا نەکەوێ. بۆ ئەو ڕۆژە ئەوانەی کە سوڵتان ئەمری دابوون هەموو حازر بوون. سوڵتان هێنای هەر یەکە گیسکێکی دانێ. وتی ئەمەوێ هەر لە ئێستاوە تا چل ڕۆژی تر هەر یەکە کە گیسکی خۆی برد لە دوای چل ڕۆژە بیهێنێتەوە، ئەم گیسکە زیاد بکا ئەدەم لە سەری، کەم بکا هەر ئەدەم لە سەری.

یەکێک لەو کەسانە کە لە ناو ئەم حەشاماتەدا بوو ئەو کوێخایە بوو کە هەیاس لە لایەوە بووبوو بە سەپان. عالەم هەر یەکە گیسکی خۆی وەرگرت و ڕۆیشت. کوێخای لای هەیاسیش یەکێک بوو لە وانە. ئەم عالەمە بە جارێ هەر یەکە لە عاستی خۆی کەوتە ترس و لەرزەوە و ڕێی ئەم ئیشەی بۆ بەدی نەکرا. گیسک ئەگەر شتی نادەیتێ مردار ئەبێتەوە، ئەگەر ئەیدەیتێ زیاد ئەکا. ئەگەر ژەم ژەم ئەیدەیتێ هەروەکوو خۆی نامێنێتەوە. ئەمەش ئەنجامەکەی سەرفەوتانی تێدایە.

کوێخای لای هەیاس لە هەموو کەس زیاتر کەوتە پەرۆشەوە، چونکە مەڕوماڵاتێکی زۆری هەیە و لە مەڕداریدا بە پسپۆڕ ناسراوە. کەچی لە ئەنجاما هیچی بۆ ناکرێ و ئەبێ سەری خۆشی تیا بدۆڕێنێ. هەر بە تەواوی کەوتە پەرۆشەوە، دنیای ڕووناکی لێ بوو بە شەوی تاریک. هەیاس پرسی کوێخا ئەوە چییە وا خواردن و خواردنەوەت لێ هەڵگیراوە؟ وتی ڕۆڵە ئەمە کارەساتەکەیە. هەیاس وتی ئەگەر ڕاستم لێ ناڵێیت من ئەم ئیشەت بۆ چار ئەکەم. وتی کوڕم من ئەمە باییسی سەرمە. تۆ ئەگەر ئەمەم بۆ بکەی سەرم ئەستێنیتەوە، چۆ ڕاستت لێ ئەڵێم؟

هەیاس وتی هەر چەند بڕواش ناکەم، بەڵام نمەکم کردووی. ئەمەت هەر بۆ ئەکەم و ڕزگارت ئەکەم. بێنە بێچووە گورگێکم بۆ پەیداکە و ئیتر ئیشت نەبێ. کوێخا چوو بێچووە گورگێکی پەیدا کرد و هێنای دای بە هەیاس. ئەمجا هەیاس کەوتە ئیش.

جارێ هێنای پێش هەموو شتێک ددانەکانی پێچووە گورگی هەڵکەند و ئەمجا بەستیەوە. هێنای گیسکی گرتە جۆ و قەرسیل، تێری خوارد و قونەی ئەکرد. کە ئەکەوتە ئێوارە ئەیبرد بە لای بێچووە گورگەکەوە. گورگ کە چاوی پێ ئەکەوت پەلاماری ئەدا، بەڵام بەسترابووەوە هیچی پێ نەئەکرا. گیسکیش کە چاوی بە گورگ ئەکەوت هەناوی ئەکەوتە خوارەوە، ئەوی خواردبووی بە ترس دایئەنایەوە. ئەیبردەوە تێری ئەکردەوە، بۆ بەیانیش دیسان وای لێ ئەکردەوە، گیسکی بەستەزمان ئەوەی ئەیخوارد بە ترس دایئەنایەوە.

تا ماوەی چل ڕۆژ هەیاس ئەمە کاری بوو لەگەڵ ئەو گیسک و گورگەدا. پاش چل ڕۆژە وتی بە کوێخا بیبەوە بۆ سوڵتان. کوێخا گیسکی برد و چوو. عالەمی تریش هەر یەکە بە خۆیان و گیسکی لای خۆیانەوە هاتنەوە. سوڵتان سەنگ و تەرازوی هێنایەوە مەیدانەوە. دەستیان کرد بە گیسک کێشان، سەیریان کرد هەمووی زیادی کردووە. گیسکی واش هەبوو هەر ئێسقانەکەی مابوو کەمی کردبوو. سەرە هاتە سەر گیسکی لای کوێخا، کە کێشایان سەیریان کرد لەگەڵ سەنگ و بەردی هەوەڵا هەروەکو یەک وایە، نە زیادی کردووە و نە کەم، لەگەڵ ئەوەشا هیچ نەخۆشیەکی نییە.

سوڵتان کە ئەمەی دەستکەوت لە خەڵکەکەی تر خۆش بوو و وتی بڕۆن من هەر مەبەستم ئەمە بوو وا دەستم کەوت. ئینجا کوێخای هێنایە ژێر پرس و جوابەوە کە چۆن ئەم گیسکەت وا هێشتۆتەوە؟ ئەویش بەسەرهاتی گیسک و گورگی بۆ گێڕایەوە. وتی کێ ئەم تەگبیرەی بۆ کردووی. وتی کەس، هەر خۆم کردومە. سوڵتان وتی من ئەمانە نازانم، یا ئەبێ پێم بڵێیت یا ئەتکوژم، خستیە ژێر ئەشکەنجەوە. لەو لاشەوە بە هەیاسی وتووە کە دەنگ ناکا و ڕاستی پێ نەڵێ. کە ئیش گەیشتە ئەشکەنجە و ئەشکەنجە کاری و سەر تیاچوون، وتی شاهم! بەسە پێت ئەڵێم. وتی کوڕێکی سەپانم لایە ئەم تەگبیرە، تەگبیری ئەوە.

سوڵتان ئەوا هەیاسی بە ئەقڵی خۆی دۆزیەوە. ئەمجا ناردی هێنایانەوە و ئاشتی کردەوە، کوێخاشی خەڵات کرد و ناردیەوە بۆ ماڵی خۆی بە خۆی و بە گیسکیەوە.