سەردەمی پێشوو هێشتا ئەم هەتی و هووتە...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٨)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 3 دقیقه  588 مشاهده

سەردەمی پێشوو هێشتا ئەم هەتی و هووتە دانەهاتبوو بۆ دوکتۆری و حەکیمی؛ واتە ئەم شتومەکە زۆرە کە دوکتۆر بە هۆی ئەوانەوە نەخۆشی بۆ دەرئەکەوێ وە ئەبێ لە نەخۆشەکەش بپرسی کە چیتە. گوایە ئەمە بۆ ئەوە کلیلێک بێ بۆ دەرکەوتنی نەخۆشیەکە. ئەگەر یەکێکیش بڵێ بابە ئەم پرس و خواسەی بۆ چییە، دوکتۆر ئەبێ خۆی نەخۆشیی نەخۆش بزانێ و بناسێ. ئەگەر یەکێ ئەم قسەیەی کرد ئەیکەن بە کێوا، ئەڵێن ئەی دوکتۆر لە نەخۆش نەپرسێ؟ ئەمە چ قسەیەکە تۆ ئەیکەی.

بابە با وابێ. بۆ پشتیوانی قسەکەی تۆ جاران حەکیمەکان دوو شتیان هەبوو بۆ ناسینی نەخۆش. یەکێ ئەهات نەبزی دەستی ئەگرت، یەکێ ئەیوت زمانت دەرکە بزانم باری زمانت چۆنە؟ لەم دوو ڕێگاوە حەکیم بۆی دەرئەکەوت کە نەخۆشی ئەو نەخۆشە چییە و دەرمانی بۆ دەستنیشان ئەکرد. ئەمە بیروڕای حەکیمەکانی پێشوو بوو.

ئەڵێ حەکیمێک هەر جارە کە ئەچووە سەر نەخۆش، هەر کە نەبزی ئەگرت نەخۆشیەکەی بۆ دەرئەکەوت، دەرمانی بۆ دەستنیشان ئەکرد و چاک ئەبووەوە. زۆر کەس بڕوایان بەمە نەئەکرد، دوژمنەکانی ئەم ناوەیان بۆ بڵاوکردەوە و گەیاندیانە لای پادشا، کە ئەمە درۆیە. پادشا وتی ئەبێ تاقی بکەینەوە، ئەگەر درۆ بوو لەسەری ئەدەین.

پیاوی ناردە لای حەکیم کە کچی پادشا نەخۆشە و ئەبێ بێت بۆ چاوپێکەوتنی. ئەویش هات وتی بیهێنن با چاوم پێ بکەوێ و نەبزی بگرم. وتیان کچی پادشا هەتاو و سێبەری نەبینیوە، ئێستە چۆن ئەبێ تۆ دەستی بگری و نەبزی بگری؟ وتی باشە لە ژوورێکی تر دایبنێن دەزوویێک ببەستن بە دەستیەوە، من لەم دیوەوە سەری دەزوەکە ئەگرم، بەو جۆرەش ئەتوانم نەخۆشیەکەیم بۆ دەرکەوێ، وتیان باشە.

ئەمجا چوون پشیلەیەکی نەخۆشیان هێنا لە ژوورێکا دایاننا، دەزوێکیان بەست بە دەستیەوە، سەری دەزوەکەیان هێنایە ژوورەکەی تر، پادشا و پیاوماقووڵان هەموو لەوێ بوون. حەکیمەکەش دانیشتبوو و ئاگای لە هیچ نییە، سەری دەزوەکەیان دا بە دەستیەوە. حەکیم دەزووی گرت، تۆزێ واقی وڕما، دەزووی بەرەڵا کرد و دیسان گرتییەوە، دوو سێ جار ئەمەی کرد و هەر زۆرتر سەری سڕما و دەنگیشی نەئەکرد. پاشان لێیان پرسی چییە بۆ چ دەنگ ناکەی؟ وتی نازانم بڵێم چی، منیش زۆر سەرم سووڕماوە. ئەم نەخۆشە دەرمانەکەی گۆشتی مشکە، لەوە زیاترم بۆ دەرناکەوێ.

پادشا و پیاوماقوڵان هەموو ئافەرینیان کرد و وتیان ڕاستە تۆ حەکیمیت. پادشا ویستی تۆ تاقی بکاتەوە، ئەوەی کە دەزوەکەی بەستراوە بە دەستەوە پشیلەیە و عینسان نییە.