لە داستانی کوردییە ئەڵێ جارێک کابرایەکی...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٨)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 3 دقیقه  585 مشاهده

لە داستانی کوردییە ئەڵێ:

جارێک کابرایەکی بابی چووە لای مەلایەک وتی ئێوە هەر ئەڵێن ئیشەکانی خوا جێگای ڕەخنە نییە و کەس ناتوانێ ڕەخنە لە کاری بگرێ. من سێ ڕەخنەم لە ئیشی خوا گرتووە، بزانم تۆ ئەیسەلمێنی یان نا؟ مەلا وتی فەرموو بیانڵێ.

کابرا وتی:

خوا شەیتان بە ئاگری جەحەنەم ئەترسێنێ، لە کاتێکا کە خوا شەیتانی لە ئاگر دروست کردووە، یەکێک لە شتێک دروست کرابێ چۆن لەو شتە ئەترسێ؟

دووەم بەلای ئێوەی ئیسلامەکانەوە وایە کە خێر و شەڕ هەمووی لە خواوەیە، هەرچی خوا نەیکرد نابێ، کەچی ئەگەر یەکێ ئیشێکی نابەجێ لەگەڵ یەکێکا بکا، تۆڵە لەو کەسە ئەکەنەوە و ئەو بە گوناحبار دائەنێن.

سێیەم ئەڵێن خوا لە هەموو شوێنێک هەیە، جێگا نییە تێیدا نەبێ، یەکێک لە هەموو جێگایەک بێ، ئەبێ هیچ نەبێ، ئەبێ جارێک ببینرێ بۆ ئەوە قسەکە بچێتە سەر، کەچی ئەوەتی دنیا دنیایە تا ئێستە نەبیسراوە یەکێک خوای چاو پێ کەوتبێت.

مەلا وتی ڕاستە قسەکانت، تۆزێ وەرە پێشترەوە تا وەڵامەکەت بدەمەوە.

بابی چووە پێشەوە، مەلا نەیکردە نامەردی خشتێکی کاڵ لە بەردەمیا بوو، خشتی هەڵگرت و دای بەسەر کابرادا سەری شکاند و خوێن فیچقەی کرد، وتی ئەوە وڵامەکەتە.

کابرا کە ئەمەی دی چوو بۆ لای قازی شکاتی کرد، قازی ناردی مەلایان هێنا و وتی تۆ سەری ئەم کابرایەت شکاندووە؟ وتی بەڵێ. وتی بۆ چی؟ مەلا وتی ئەم کابرایە ئەڵێ شەیتان لە ئاگر دروست کراوە بۆ چ ئەبێ لە ئاگر بترسێ؟ کە خوا بە ئاگر ئەیترسێنێ. ئێمەش لە خاک دروست کراوین، بۆ چ ئەبێ لێی بترسین و سەرمان بە خاک بشکێت؟

دووهەم ئەڵێ ئێمە ئەڵێین خێر و شەڕ لە دەست خوا دایە. سەرەتا چارەنووس چی بێ ئەبێ بێتە جێ، ئینسان دەسەڵاتی قەدەری خوای نییە. من بە ئیرادەی خوا سەرم شکاندووە، هیچ دەسەڵاتێکی منی تێدا نییە، بچێ ملی خوا بگرێت و داوای تۆڵە لەو بکاتەوە، من چیم.

سێیەم ئەڵێ ئێمە ئەڵێین خوا لە هەموو جێگایەک هەیە، ئەو ئەڵێ ئەگەر هەبێت ،ئەبێ هیچ نەبێ ئەبێ جارێک ببینرێ. ئێستە بچێ بە هەر جۆر بووە بەڵکوو خوا بدۆزێتەوە و داوای خۆی لەگەڵ ئەوا بکا. یەکێ دەعوا لەسەر یەکێک دروست ئەکا، ئەبێ یەکەکە دیار بێ، دەعوا لەسەر کەسی نادیار و نەبینراو قەید ناکرێ. لەسەر قسەی خۆی من مودەعی ئەو نیم، چی داوە لە من؟

قازی ڕوو ئەکاتە کابرای بابی ئەڵێ ئەمانەت وتووە؟ ئەڵێ بەڵێ وتوومە، بەڵام بۆ ئەوەم نەوتووە سەرم بشکێنن. قازی ئەڵێ باوکم حەقت بەسەریەوە نییە بڕۆ. کابرا ئەڵێ ڕازی بووم، بەڵام شەرت بێ لەمەودوا منیش دایکی ئەو کەسانە لە کەر بکێشم کە ئەم جۆرە قسانە ئەکەن و منیان فێری ئەم بەزمە کردووە.