لە داستانی گوێ ئاگردانی کوردییە ئەڵێ جارێک...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٨)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 1 دقیقه  538 مشاهده

لە داستانی گوێ ئاگردانی کوردییە، ئەڵێ:

جارێک مام ڕێوی پێش مەلا بانگدانی بەیانی لە ماڵ دەرچوو و سەیری کرد وا کەڵەشێرێک بە دەنگە جوانەکەی لەسەر دارێک قووقە قووق ئەخوێنێ. چوو بە لایەوە وتی ئەوە بانگەکەت دا، وەرە خوارەوە با نوێژەکەمان بە جەماعەت بکەین. ئەویش وتی ئاخر ئیمام هێشتا هەر نوستووە، با هەستێت ئەو وەختە منیش دێم قامەتی بۆ ئەکەم. مام ڕێوی وتی لە کوێیە تا بچم خەبەری کەمەوە، درەنگە ئەترسم نوێژەکەمان بڕوا. کەڵەشێرەکە وتی ئەوەتە لە پاڵ ئەو دارەدا نوستووە، بچۆ خەبەری کەوە خێرت ئەگا. مام ڕێوی چوو سەیری کرد وا تانجییەک لەوێ نوستووە. هەر چاوی بە تانجی کەوت لە ترسانا دەستی کرد بە تڕکەندن و بۆی دەرچوو. کەڵەشێرەکە وتی ئەوە بۆ کوێ ئەچی؟ وەرە با جەماعەتەکەمان بکەین. مام ڕێوی وتی دەستنوێژەکەم شکا، ئەچم ئەیشۆمەوە و دێمەوە.