قەزا و قەدەر هەیە ئەمە شتێکە ڕاستە و...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٨)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  838 مشاهده

قەزا و قەدەر هەیە. ئەمە شتێکە ڕاستە و بینراوە:

لەو نزیکی خۆشناوەتییە پیاوێک کوڕێکی سێ چوار ساڵانی خۆی لەگەڵ ئەبێ، ئەچێتە دەرەوە بۆ سەر ڕەز و باخ. ئەگاتە سەر ڕەزەکە، لە پاش هەندێک کوڕەکەی خەوی لێ ئەکەوێ، هەڵیئەگرێ لە بن دارێکا دایئەنێ، جامەدانەکەی خۆی ئەدا بە سەریا و خۆی ئەچێتەوە بە لای بێڵکاریەکەی خۆیەوە. خەریکی بێڵکاری ئەبێ، کوتوپڕ بە دەم بێڵێکەیەوە دووپشکێکی گەورە دەرئەپەڕێ و ڕووئەکاتە مناڵەکە کە نوستووە.

کابرا بە بێڵەکەیەوە هەڕا ئەکا بە شوێنیا هەرچەندە ئەکا نایگاتێ. کابرا ئەیوت ئەوا تەکان ئەدەم لە خۆم کە بیگەمێ کە چی وەکوو یەکێ لە دواوە پێی گرتبم هەر چەندم ئەکرد نەئەڕۆیشتم. وتی دووپشک لە دەست دەرچوو و ڕاست ڕووی کردە کوڕەکە و چووە ژێر جامەدانەکە و پاش تۆزێک هاتەوە دەرەوە و ملی ڕێی گرت و بە شوێنەکەی خۆیا گەڕایەوە. وتی من لە تاو کوڕە ئاگام لە دووپشک بڕا. چوومە سەر کوڕە و جامەدانەکەم لادا، سەیرم کرد مارێک قەفی خواردووە بە دەوری کوڕەکەدا و سەری نزیکی بن ملی کوڕەکە کردۆتەوە. لەو کاتەدا دووپشکەکە گەیشتووە، چووە داویە بە تەپڵی سەری مارەکەوە، مار هەر لە جێی خۆی ڕەق بووە و ئیتر ڕاست گەڕاوەتەوە.

وتی کە ئەوەم دی چاوم بە دووپشکەکەش کەوت لە گەڕانەوەکەیا، وە منیش ئیتر گورج بوومەوە، ئەمتوانی بیگەمێ، بەڵام کە ئەو کارەساتەم دی، نەچووم بە شوێنیا وازم لێ هێنا تا چووەوە کونەکەی خۆی.