لە داستانی کوردیە ئەڵێ لە سەردەمی خۆیا...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٨)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 6 دقیقه  686 مشاهده

لە داستانی کوردیە ئەڵێ:

لە سەردەمی خۆیا پادشایەکی زۆر بە دەسەڵات هەبوو و تووشی نەخۆشییەکی زۆر ناهەموار بووبوو. هەر چەندی ئەکرد بۆی چار نەئەکرا، هەموو پزیشک و حەکیمەکانی وڵات سەریان لەم نەخۆشییە سووڕمابوو و بۆیان دەرمان نەئەکرا، هەر دەرمانێکیان ئەدایە پادشا ڕۆژبەڕۆژ خراپتر ئەبوو. لە ئەنجاما پزیشکێکیان لە وڵاتی چینەوە هێنا و ئەو لە پاش ئەوە کە سەیری پادشای کرد وتی پادشا چاک ئەبیتەوە بەو مەرجە ئەو دەرمانەی من داوای ئەکەم دەستکەوێ. پادشا و هەموو وەزیر و پزیشکەکان بەم خەبەرە بە تەواوی گەشانەوە و وتیان هەر بەو مەرجە پادشا چاک بێتەوە دەرمان ئەگەر لە بنی ئەرزیشا بێت پەیدای ئەکەین. وتی دەرمانی ئەم دەردەی پادشایە خوێنی مناڵێکی سوورکاری موو زەردی چاوڕەشی گۆنا پانی حەو ساڵانە کە بدرێ لە لەشی و پێی بهەنووێ تا سێ جار ئیتر چاک ئەبێتەوە و ئازار لە لەشیا نامێنێ. ئەمجا کەوتنە قەڵەمڕەوی پادشا بۆ دۆزینەوەی مناڵێکی وەها، هەر چەندە گەڕان مناڵێکی بەو تەرحەیان دەست نەکەوت، کەلێن و قوژبن نەما، شار نەما، دێ نەما، کەڵکی نەبوو. لە ئەنجاما وتیان لەم وڵاتە پان و درێژەدا تەنها ئاشێک ماوە کە ئاشەوانێکی لێیە نەگەڕابین، ئەگینا شوێن نەماوە نەمانپشکنیبێ. وتیان با بچین بۆ ئەو ئاشەش بزانین هیچ هەیە؟ کە چوونە ئاسیاوەکە سەیریان کرد تەنها ژن و پیاوێک و مناڵێکە و هیچی تر. کە سەیری مناڵەکەیان کرد تەماشایان کرد ئەو شتانەی کە پزیشکەکە وتوونی هەمووی لەم مناڵەدا هەیە. بە ژن و پیاوەکەیان وت ئەم مناڵە چیتانە؟ وتیان تاقە کوڕمانە و لەمە زیاتر هیچی ترمان نییە. ئیتر پیاوەکان دەنگیان نەکرد و هاتنەوە خەبەریان هێنایەوە بۆ پادشا کە مناڵێکی بەو جۆرەمان لە ئاشەکۆنێکا دۆزیوەتەوە. پادشا و وەزیر و پزیشکەکان لەم خەبەرە وەکوو دنیایان سەرلەنوێ پێ درابێتەوە چ خۆشییەک ئەکەن بەو جۆرەیان بەسەر هات.

ئەمجا پادشا ناردی ئاشەوان و مناڵەکە و دایکەکەیان هێنا. مناڵەکەیان بردە لای پزیشکی چینی چاوی پێی کەوت، وتی ئەو مناڵەی کە من ئەڵێم و دەرمانی دەردی پادشایە، ئەمەیە. ئیتر کەوتنە سەر ئەوە کە چۆن ئەم مناڵە لەم دایک و باوکەی بستێنن؟

عالم و وەزیر و پزیشک هەموو چوونە بن دەست باوک و دایکەکەیەوە کە پادشای مەملەکەت نەخۆش کەوتووە و بەو نەخۆشییە ئەمرێ، ئەگەر خوێنی مناڵێکی وا نەدرێ لە لەشی، وە مردنی پادشایش مردنی هەموو مەملەکەتە. ئێستە ئێوە بێنن ئەم مناڵە بدەن بە پادشا و بیکەن بە قەزاوەگێڕی ئەو، پادشا بە گرانیی مناڵەکە زێڕ و زیوەرتان ئەداتێ. باوک و دایک کە گوێیان لەم قسەیە بوو هەناویان هاتە خوارەوە و وتیان شتی وا نابێت. بەرە بەرە خەڵکی تر سەریان کردە سەریان و وتیان سەلامەتی پادشا لە ماڵ و ئەولاد واجبترە لەسەر هەموو کەسێک. ئێستە ئێوەش تازە لە بەهاری جوانی دان، مناڵی ترتان ئەبێت، وا بزانن ئەم مناڵەتان هەر نەبووە، ئەوەندە خەڵک سەری کردە سەریان و ئەوەندەیان چرپاند بە گوێچکەیانا ڕازی بوون.

مناڵیان لێ سەندن و بە سەنگی مناڵەکە زێڕ و زیویان دانێ و مناڵیان برد بۆ لای پادشا. پادشا وتی بیبەن بۆ لای قازی. قازیش وتی بۆ سەلامەتی سەری پادشا ڕشتنی خوێنی بێ گوناحێک واجبترە لەوەی کە پادشا بمرێت، پادشا خوای سەر زەوییە، لە نەمانی ئەو زۆر و ستەم پەیدا ئەبێت و بڵاو ئەبێتەوە. لە نەمانی یەکێک لە ئەهلی مەملەکەت هیچ ڕوونادا، کە واتە شەرع ڕێ ئەدا بۆ سەربڕینی ئەم مناڵە. بەم جۆرە لە هەموو لایەکەوە بڕیار لەسەر سەربڕینی مناڵەکە درا، بە پادشا خۆیشیەوە، چونکە خوێنی ئەم مناڵە بۆ چاکبوونەوەی ئەو بوو. ئەمجا پادشا فەرمانی دا بە سەربڕین.

جەلاد بە خۆی و کێردیەوە هاتە مەیدان، تەشتێکی لەو لاوە دانا بۆ ئەمە کاتێ کە منداڵەکە سەر ئەبڕێ خوێنەکەی هەمووی بچێتە ناو تەشتەکە و هیچی لێ لە کیس نەچێ، دەستی مناڵەکەی گرت و هێنایە سەر پەقرەجەکە. پادشا و وەزیر و پزیشک هەموو لەو لاوە دانیشتبوون سەیری ئەم دیمەنە ئەکەن.

کاتێ کە جەلادەکە مناڵەکەی هێنا، مناڵەکە چاوی بەجەلاد و کێردی دەستی و تەشت کەوت، دەستی کرد بە گریان و سەرێکی بەرز کردەوە بۆ ئاسمان و چەند جارێک لێوی بە یەکا دا و زەردەخەنەیەکیش گرتی. ئەم دیمەنە بەمجۆرە سەرنجی پادشای ڕاکێشا و بانگی کرد لە جەلادەکە کە مناڵەکەم بۆ بێنە پێش ئەوە سەری ببڕی. جەلاد پەلی مناڵەکەی گرت و بردیە بەردەمی پادشا. پادشا مندڵەکەی دانا ولێی پرسی ڕۆڵە ئەم گریان و لێو بە یەکا دان و زەردەخەنەیەت چی بوو لەم وەختەدا؟ منداڵ وەکوو کانیاوی ئیلهامی خوایی ڕژابێ بە سەریا زمانی کرایەوە و وتی پادشاهم هیچ، ئیشی خۆت بکە. پادشا وتی ڕۆڵە ئەبێ هەر پێم بڵێیت. منداڵەکە وتی هەروا؟ پادشا وتی بەڵێ ئەبێ بیڵێیت. ئەمجا کوڕە وتی:

دڵسۆزترین کەس و میهرەبانترین کەس بە چاو ئەولادەوە باوک و دایکە، باوک و دایکی من بە پارە منیان لە دەست کردەوە و دامیان بە دەست خەنجەری جەلادەوە کە سەرم ببڕێ. ڕەنگبێ ئێستا خۆیشیان لە گۆشەیەکەوە سەیری ئەم دیمەنە بکەن، ئەوا دەستم لە باوک و دایک بڕا.

یەکێ ئەگەر ستەمێکی لێ بکرێ ئەچێت بۆ لای قازی دەردی زۆڵم لێکراوی خۆی بەو ئەڵێ بۆ ئەوەی ئەو بە پێی شەرع و قانوون حوکمی بۆ بکا و نەیەڵێ ئەو زوڵمەی لێ بکرێ. کە ئیشی من کەوتە بەردەمی قازی، قازی فتوای دا کە بۆ سەلامەتی سەری پادشا خوێنێکی ناهەق بڕێژێنرێ دروستە، دەستم لەویش بڕا. پاش ئەوە کە ئەگەر یەکێ ئیشەکەی کەس نەیپرسی، شکات ئەباتە لای پاشا بۆ ئەوە ئەو دادی بپرسێ و بە هانایەوە بێت. من ئیشم کەوتە لای پادشا و پادشاش وتی ئەمە بۆ ساغ و سەلامەتی منە، ئەویش فەرمانی دا بە کوشتنم. بە کوشتنی منێکی بێ گوناح. ئیتر کەسم بۆ نەمایەوە. سەرم بەرز کردەوە بۆ ئاسمان، حەقمە بگریم چونکە سەرم ئەبڕن و نەمامی ژیانم لە ڕیشە هەڵئەکێشن. زەردەخەنەش لەو کاتە ناهەموارەدا گرتمی وتم خوایە ئیشەکانت زۆر سەیرە، لێویشم کە بەیەکا دا وتم خوایە کەسم بۆ نەماوەتەوە تەنها تۆ نەبێ.

پادشا کە گوێی لەم قسانە بوو سەری شۆڕ کردەوە بە بەردەمی خۆیا و پاشان هۆنە هۆن فرمێسک هاتە خوارەوە بە چاویا، دەستی برد مناڵەکەی هەڵگرت خستیە سەر کۆشی خۆی و ماچی کردەوە و دەستی هێنا بەسەریا و وتی ڕۆڵە! مانەوەی ژیانی من لە ڕشتنی خوێنی بێ گوناحێکی وەکوو تۆ پێک بێت، من ئەو ژیانەم ناوێ، وە تۆ لە ئێستا بە دواوە ئیتر کوڕ و جێنشینی منیت. فەرمانی دا بە جەلاد کە کێرد و تەشتی خۆت لابە. ئەڵێ کە پادشا ئەم میهرەبانیەی نواند بەرە بەرە ئازارەکەشی لە کۆڵ کەوت و ئەلەمی تێدا نەما.