لە داستانی کوردییەوە ئەڵێ لەو سەرە لە...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٨)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  674 مشاهده

لە داستانی کوردییە ئەڵێ:

لەو سەرە لە ئەشکەوتێکا پیاوێکی عابد و خواناس تەرکی دنیای کردبوو. هەر خەریکی عبادەت بوو. ڕۆژێک کوتوپڕ لە ناو بەردەڵانەکانا پارچەیەک قیر ئەدۆزێتەوە و ئەکەوێتەوە بیرکردنەوە کە ئەم قیرە چۆن کەوتۆتە ئێرە؟ ئەمە ئەبێ خوا بۆ منی ناردبێ بۆ ئەوە ئیشێکی پێ بکەم. لە خولیای ئەم بیرەدا ئەبێ، لە ئەنجاما دێتە سەر ئەوە ئەڵێ

من لەم شوێنەدا عبادەت ئەکەم و تەرکی دنیام کردووە، عبادەتیش هەتا چەوسانەوەی زیاتر تیابێ خێری زۆرترە. من دوو چاوم هەیە، دوو چاو ئیسرافە، دووم بۆ چییە، بە یەک چاو ئەتوانم کاروباری خۆم بەرم بەڕێوە، خواش ئەم قیرەی هەر بۆ ئەوە ناردووە، قیرەکە هەڵئەگرێ و ئەیخاتە سەر چاوێکی و بە قیرەکە چاوێکی ئەبەستێ.

ماوەیەکی زۆر بەم جۆرە نوێژ و عبادەت ئەکا، ڕۆژێک لە ڕۆژان عالمێک بە ناوبانگیەوە ئەچێ بۆ زیارەتی. سەیر ئەکا چاوێکی بە قیر بەستووە، لێی ئەپرسێ ئەوە بۆ چ قیرت ناوە بە چاوتەوە؟ ئەڵێ وەڵڵا ئیسرافە، من کە تەرکی دنیام کردووە و عبادەت ئەکەم تاقە چاوێک ئیشی من ئەبا بەڕێوە؛ ئیتر دووم بۆ چییە؟ ئەڵێ چەند ساڵە وات کردووە؟ ئەڵێ پانزە ساڵە، ئەڵێ دەسا ئەبێ نوێژی پانزە ساڵت بگێڕیتەوە، چونکە چاوت تەڕ نەبووە و ئاوی لێ نەکەوتووە.