پاقلەی میسر لە داستانی کوردی ئەڵێ...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٨)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  820 مشاهده

پاقلەی میسر!

لە داستانی کوردی ئەڵێ:

لە سەردەمی خۆیا، لە سەردەمی فیرعەونەکانا لە میسر ئەو «ئەهرام»انەی کە ئێستە هەن، دروست کراون. هەموویشی بە دەست و شانی خەڵکی میسر کراون و ئەو خەڵکە وەکوو «قول»وە، بەڵکوو هەر بەندە بوون لە بەردەستی فیرعەونەکانا. ئەکەوێتە سەردەمی «دارم» کە یەکێک بووە لە فیرعەونەکانی میسر. دەنگەدەنگێک لە ناو خەڵکا پەیدا ئەبێ کە ئێمە بۆ چ بەمجۆرە بچەوسێنرێنەوە؟ ئەم ئەهرامە زل زلانە لەسەر شانی ئێمە دروست بکرێ؟ ئەم دەنگ و باسە ئەگاتەوە بەر گوێی دارم. دارم لەگەڵ وەزیرەکانیا ئەکەوێتە ڕاوێژکردن. وەزیرێکی ژیری ئەبێ ئەڵێ ماوەیەک واز بێنە لە ئەهرام دروستکردن و چاری بخەرە ئەستۆی من. دارم ئەڵێ باشە.

ئەمجا وەزیر فەرمان ئەدا کە لە هەموو وڵاتی میسرا دەست بکەن بە پاقلە چاندن. خەڵک ئەکەونە چاندنی پاقلە و پاقلە خواردن. چوار پێنج ساڵێک بەسەر ئەمەدا تێ ئەپەڕێ. ڕۆژێک لە ڕۆژان دوو کوڕی دراوسێ -کە ماڵەکەیان بەرانبەری یەک ئەبێ- ئەبێ بە شەڕیان و شکات ئەگاتە لای وەزیر. وەزیر بانگیان ئەکا و لێیان ئەپرسێ کە چییە؟

یەکێک لە کوڕەکان ئەڵێ ئەو کوڕەی دراوسێم لە بەردەرگای خانووەکەی خۆیا سنگێکی داکوتاوە من قایل نابم بەوە. لەوی کەیان ئەپرسێ بۆ چ ئەسنگەت داکوتاوە؟ ئەویش ئەڵێ ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەگەر پارەم هەبوو ئەسپێک ئەکڕم و لەوێدا ئەیبەستمەوە. لەوی تر ئەپرسێ ئەی باشە تۆ بۆ چ نایەڵی؟ ئەویش ئەڵێ منیش ئەگەر ڕۆژێ لە ڕۆژان پارەم هەبوو ژن دێنم، کە ژنم هێنا مناڵم ئەبێ، مناڵەکانم ئەچن بەوێدا ئەسپەکە لەقەیان لێ ئەدا ئەمرن، لەبەر ئەوە نایەڵم سنگەکە داکوتێ.

وەزیر هەڵئەستێ ئەچێتەوە بۆ لای «دارم» ئەڵێ خەڵکەکە پێگەیشتوون و دەست بکەرەوە بە ئەهرام دروستکردن.