دەستەیەکی جەردە تووشی کاروانێک ئەبن و...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٨)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  569 مشاهده

دەستەیەکی جەردە تووشی کاروانێک ئەبن. کاروانەکە ڕووت ئەکەنەوە. لە کاروانەکەدا ئافرەتێک ئەبێت، ئافرەت جلوبەرگێکی جوانی لەبەرا ئەبێت. یەکێ لە جەردەکان مرخی خۆی لە جلوبەرگی ئافرەتەکە خۆش ئەکا. ئەڵێ ئەمانە بۆ ژنەکەی من باشە. ئافرەت ئەکێشێتە لاوە ئەڵێ ڕووتەوەبە. ئافرەت ئەڵێ پیاوی چاک بە، من ژنم تۆ چۆن ویژدانت هەڵیئەگرێ من ڕووتەوەکەی؟ کابرا ئەڵێ من ئەمانە نازانم ڕووتەوەبە، ئافرەت زۆر ئەڵێ و ئەم کەم ئەچێ بە گوێچکەیا.

ئافرەت ڕووت ئەکاتەوە، تەنها دەرپێکەی لە پێیا ئەمێنێ، سەیر ئەکا دەرپێکەشی جوانە، ئەڵێ ئەویش داکەنە. ژنە ئەڵێ پیاوی چاک بە، من ماومەتەوە ئەم دەرپێیە. ئاخر چۆن ئەویش بدەم بە تۆ هەموو لەشم ئەکەوێتە دەرەوە، تۆ هیچ غیرەتی پیاوەتیت نییە؟ کابرای جەردە ئەڵێ من ئەمانە نازانم ئەبێ دایکەنی.

لەو کاتەدا پیاوێکی ڕیش سپی دەرئەکەوێ. ژنە ئەڵێ با ئەو پیاوە بکەین بە حەکەم و ناوجێ و پرسی پێ بکەین، ئەگەر ئەو وتی دایکەنە و بیدەرێ ئەوا ئەتدەمێ، ئەگەر خۆ نەشیوت ئەوا هیچ. کابرای جەردە وتی باشە. پیاوەی پیر هات و ژنەش وا خۆی گرتمۆڵکە کردووە و دانیشتووە، ڕووی کردە پیاوەکە و پێی وت خاڵەی ڕیش سپی! ئەم پیاوە منی ڕووت کردۆتەوە، بەم جۆرەی لێ کردوم کە ئەمبینی، ئێستا ماوەتەوە سەر دەرپێکەم ئەڵێ ئەویشم بۆ داکەنە و بمدەرێ. تۆ ئەڵێ چی؟ پیاوەکە وتی دایکەنە و بیدەرێ. کابرای جەردە ئیتر قسەی سواربوو، ژنە چارناچار دەرپێکەی داکەند و ئەویشی دایە و خۆی گوڵۆڵەبوو دانیشت.

کابرای جەردە هەموو جلەکانی پێچایەوە دای بە شانیا و ڕۆیشت. زۆر دوور نەکەوتبۆوە کوتوپڕ بروسکەیەک لە سەرەوە هات دای لە تەوقی سەری لە خواریەوە دەرچوو و کوشتی و جلوبەرگ لەو ناوەدا بڵاوبۆوە. ژنە بە هەر جۆر بوو خۆی گەیاندە جلەکانی و لەبەری کردنەوە و ڕووی کردە خاڵەی ڕیش سپی وتی تۆ بۆ چ وات کرد؟ خۆ من هانام هێنایە بەر تۆ. خاڵەی ڕیش سپی وتی ڕۆڵە من خدری زیندەم، بۆیە وام پێ وتی بۆ ئەوە کاسەکە پڕ ببێ، ئەگەر دەرپێکەت پێ نەدایە کاسەکە پڕ نەئەبوو. زوڵم و ستەم کە گەیشتە حەدی خۆی ئیتر ئەبێ سەرەولێژ بێتەوە.