فەقێ محەمەدی هەمەوەند هەبوو لە وڵاتی...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٨)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 1 دقیقه  597 مشاهده

فەقێ محەمەدی هەمەوەند هەبوو لە وڵاتی سولەیمانی، لە سەردەمی ئینگلیزەکانا مودیری ناحیەی بازیان بوو، وەکوو ئەمین بەگی قامیش قائمقامی چوارتا بوو.

ئەم فەقێ محەمەدە کوڕێکی هەبوو مەحموودی ناو بوو. کە مەکتەب داهات مەحموود تا پۆلی شەشی سەرەتایی خوێندبوو. ئەمە بۆ ئەو سەردەمە زۆر بوو. مەحموودیش خۆی لە خۆیا کوڕێکی بە جەربەزە و زیرەک و زماندار بوو. هەر لە پاش «١٩٣٠» سەربزێوی ئەکرد و لەوانە بوو کە گەلێ جار بە هۆی زمان و جەربەزەییەکەیەوە ناوی کەوتبووە بەردەمی کاربەدەستانی میری. مەجید یەعقوبی موتەسەڕفی سولەیمانی ئەبێ، ئەنێرێ بە شوێن فەقێ محەمەدا پێی ئەڵێ نەختێ ئامۆژگاری ئەم کوڕەت بکە با ئەوەندە سەربزێوی نەکا. فەقێ محەمەدیش ئەڵێ جەنابی موتەسەڕف پێنج شەش هەزار ڕوپیەم لە مەحموودا خەرج کردووە لە مەکتەبدا تا بووە بەم مەحموودە. ئێستە پێنج شەش هەزار ڕوپیەی ترتان ئەدەمێ مەحموودەکەی جارانم پێ بدەنەوە.