سەردەمی دەسەڵاتی شێخ مەحموودی حەفید لە...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٨)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  839 مشاهده

سەردەمی دەسەڵاتی شێخ مەحموودی حەفید لە سولەیمانی، شێخ لە حاجی مستەفا پاشای یامڵکی تووڕە ئەبێ و ئەمر ئەکا بیگرن. حاجی مستەفا پاشا کە ئەزانێ ئیش زۆر خەتەرە و ئەگەر لەو وەختەدا بیبەنە لای شێخ مەحموود ئەیکوژێ، دێتە سەر ئەوە خۆی بشارێتەوە، هیچ پەنایەک نادۆزێتەوە ئەوە نەبێ کە پەلاماری قورئانێک بدات و بچێت بۆ گردی سەیوان.

بە پەلەپڕۆزێ قورئانێک هەڵئەگرێ و ئەچێ بۆ گردی سەیوان، لەو کاتەدا پیاوەکانی شێخ مەحموود ئەیبینن و هەڕا ئەکەن بە شوێنیا، ئەویش گورج لەسەر قەبرێک دائەنیشێ و دەست ئەکا بە قورئان خوێندن. پیاوەکان دێن ئەیگرن و ئەیبەن بۆ لای شێخ مەحموود، شێخ دەست ئەکا بە قسە کردن و پێی ئەڵێ تۆ ئیشی نابەجێ ئەکەی و قۆمیتەت لە دژی من کردووە. ئەویش ئەڵێ یا شێخ! بە قەبری دایکم من ئاگام لە هیچ نییە و بە تەواوی تەرکی هەموو شتێکم کردووە. ئەوە لەو پیاوانە بپرسە بزانە منیان لە کوێ هێنا؟ من لەسەر قەبری دایکم بووم و قورئانم بۆ ئەخوێند، حەقی زۆر بە سەرمەوەیە.

شێخ ئەم قسەیەی بە لاوە سەیر ئەبێ، چونکە ئەزانێ درۆ ئەکا، دایکی چی و قورئانی چی! لەگەڵ ئەمانەشا ئەڵێ بڕۆ با خاتری قەبرە درۆزنەکەی دایکت بێ. لە ڕاستیشدا قەبری دایک نەبوو، هەروا چووبوو لەسەر قەبرێک دانیشتبوو و بۆ ئەو ڕۆژە کردبووی بە دایکی خۆی.