حاجی محەممەدی عەنبەر یەکێک بوو لە...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٨)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 3 دقیقه  584 مشاهده

حاجی محەممەدی عەنبەر یەکێک بوو لە نوکتەبێژەکانی سولەیمانی و لەو کەسانە کە قسەی نەستەقیان هەبوو، پێکەنینیش نەبوو. ئێوارەیەک کاتی نوێژی شێوان بوو لە مزگەوتی شێخ جەلال لە سولەیمانی. ئەو وەختە ترومپایەک لە بەر سەکۆی مزگەوتەکەدا بوو، ئەم ئاوی بەلۆعە و مەلۆعەیە دانەهاتبوو و شێخ جەلال لە ناو محرابی سەرسەکۆکە قامەتی بۆ کرابوو هی نوێژی شێوان. خەڵکەکەش هەموو لە پشتیەوە ڕاوەستابوون. نییەت دابەسترا و نەبەسترا، کابرایەکی چەتەوڵی خەڵکی ئەو شارەزوورە هەر لە دوورەوە هات تینووی بوو و چووە سەر ترومپاکە ئاو بخواتەوە. هەر چەند بە دەوریا هەڵسووڕا نەیزانی چۆن ئەکەوێتە گەڕ. حاجی محەممەد لە سەفی پێشەوە لە نیوەی نییەتا بوو هەر خێرا دەرپەڕی بازی دایە خوارەوە چووە سەر ترومپاکە و بە کابرای وت باوکم تینووتە؟ وتی ئا برا. وتی دە دەم بنێی بە لوولەکەیەوە. دەمی نا بە لوولەی ترومپاکەوە، دەستی دایە دەسکەکەی و خستیە جووڵە. تا ئەم ئەمەی کرد خەڵکەکە هەموو نوێژیان دابەست. کە ئەو دەستی نا بە دەسکی ترومپادا ئاو باسقەنەی بەست، لە لووت و گوێی کابرا ئاو دەرپەڕی، کابراش دەمی گیر بووە لە لوولەی ترومپاکە، هەر چەند مل با ئەدا دەمی بەر نابێ، حاجی محەممەدیش هەر خێرا خێرا دەسکی ترومپا با ئەدا و ئاو هەر زیاد ئەکا و ئەڵێ دەی باوکم تێر بخۆرەوە، خەڵکەکە لە ناو نوێژەکەدا دەستیان کرد بە هیلکە هیلک و پێکەنین و هەموو نوێژیان بڕی. لەو لاشەوە کابرا بە لادا هات، چەند کەسێک چوون دەسکی ترومپاکەیان لە دەستی حاجی محەممەد سەند، ئاو وەستایەوە، بە هەر جۆر بوو دەمی کابرایان لە لوولەی ترومپاکە بەڕەڵا کرد. دەسیان بە سکی کابرادا هێنا ئاوەکەیان لە سکی دەرکرد و کابرا بە هەر جۆر بوو هاتەوە هۆش خۆی. حاجی محەمەد وازی نەهێنا چوو بە لایەوە پێی وت باوکم تێرت خواردەوە؟ کابرا وتی هەی دەویت باوک! ئەمە کەتن بوو تۆ وە منت گێڕا! وتی برا چی بووە ئاوم دایت. یەکێ چووە شارەوە لوولە کەواوی خوارد ئەبێ نابێ ئاو بخواتەوە؟ کابرا وتی هەی بچۆ دەویت باوکەی شارییە! ڕیامە گۆڕ باوکتانا، شەرت وێ وە شەرتی خوا، چوومەوە قسنەکەی سەی ساق بگرم، باڵانتەرانتان بۆ بنێرێ هەزار شەقتان تێ هەڵدات و گشتان گول بکا، بۆ چی وا ئەزانن ئێمە بێ عەشرەتین. کابرا ڕۆیشت و ئەوانیش نوێژیان دابەستەوە.