لەگوندی وەرتێ لەو خۆشناوەتییە خەڵکەکە...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٨)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  794 مشاهده

لە گوندی «وەرتی» لەو خۆشناوەتییە خەڵکەکە کۆبوونەوە وتیان بچین بۆ لای میر بۆ دیدەنی و ئەبێ دیاریشی بۆ بەرین. هاتنە سەر ئەوەی کە «نێری»یەکی بۆ بەرن. بەڵام «حەچە» بە بێ دەستنوێژ بچێتە خزمەتی میر نابێ. هێنایان خستیانە حەوزێکەوە و لە ئاوەکەیان هەڵئەکێشا. هەر کە دەریان ئەهێنایەوە «نێری» خۆی ڕائەوەشان بۆ ئەوەی ئاوەکە لە خۆی بتەکێنێ تڕێکی ئەکەند. ئەیانوت پەککوو دەستنوێژەکەی شکا.

بە هەر جۆرە بوو دەستنوێژیان پێ گرت و تڕکەندن دوایی هات. بردیان بۆ میر و میریش سەر و جووت کەوشی سووری بە خەڵات دانێ و گەڕانەوە. لە گەڕانەوەدا هەموو لەسەر تاشەبەردێک دانیشتن و قاچیان شۆڕ کردەوە سەیری کەوشەکانیان ئەکرد. پاشان سەریان لێ تێکچوو و نەیانزانی کامە قاچی کامیانە تا هەڵیکێشنەوە، هەروا ڕەپ لەوێ مانەوە و ڕۆژ درەنگ بوو. لە ئاوایی چاوەڕێیان ئەکردن، لە ئەنجاما هاتن بە دەنگیانەوە، سەیریان کرد هەموو لەوێ وشک دانیشتوون و قاچیان ڕاکێشاوە. ئەوانیش سەریان لێ تێکچوو و نەیانزانی چۆنیان هەڵسێنن. ئەمجا «مامۆتک» هات دارێکی هڵگرت یەکە یەکە ئەیدا بە قاچیان، دیارە ئێشی پێ ئەگا، قاچی ئەجووڵانەوە. مامۆتک ئەیگرت و بەخاوەن قاچی ئەوت ئەوە قاچی تۆ. ئەویش هەڵیئەکێشایەوە و ئەڕۆیشت. کە هەموو ڕۆیشتن، وتیان ئەگەر مامۆتک نەبووایە ئێمە لێرە هەموو ورچ و دەعبا ئەیخواردین.