پیاوێکی خوابیامەرز هەبوو لە سەردەمی حکومەتی...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٨)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  714 مشاهده

پیاوێکی خوابیامەرز هەبوو لە سەردەمی حکومەتی عوسمانیدا کار بە دەستێکی تۆزێ گەورە بوو. حوکومەتی عێراق دامەرزا و پلەیەک لە ئیشەکەی هاتە خوارەوە. هەر چەند ساڵێ پلەیەکی تر ئەهاتە خوارەوە هەتا هاتە سەر «میرزا کاتب»، بە ئیستڵاحی ئەو دەورەیە. چووە لای شێخ سەلامی شاعیر پێی وت تۆ کەین و بەینت لەگەڵ ئەمین زەکی بەگدا هەیە و ئەویش ئێستا وەزیرە و لەسەر ئیشە، بەڵکو بمبەی بۆلای پێی بڵێیت پلەیەک سەرمخەن و لەسەر ئەم کاتبیە لام دەن. شێخ سەلامیش ئەڵێ باشە و لەگەڵ خۆی هەڵیئەگرێ ئەیبات بۆ لای ئەمین زەکی بەگ. ئەچن و دائەنیشن و پاشان بە ئەمین زەکی بەگ ئەڵێ قوربان ئەمە فڵان کەسە و دراوسێی خۆمانە، هەر لە کۆنەوە کار بە دەست بووە، هەر ڕۆژە نا ڕۆژێک پلەیەک هێناویانەتە دواوە، ئێستە هاتۆتە لای من کە بیهێنم بۆ خزمەتت بۆ ئەوە بە هەر جۆرە بووە، بەڵکوو ئیشێکی وا بکەن، پلەیەکی تر بیهێننە خوارەوە و بیکەن بە فەڕاش. کاکی خوابیامەرز کە گوێی لەمە بوو هەر لەوێدا بەربووە جنێودان و قسە وتن بە شێخ سەلام: هەی ناجسن! من تۆم بۆ ئەوە هێناوە کە بمکەی بە فەڕاش یا سەرمخەی؟ شێخ سەلامیش تێی بەربوو و وتی هەی ناجسنی ماڵوێران! تۆ ئەوەتی هەیت هەروەکوو میزی حوشتر هەر بەرەودوا ئەگەڕێیتەوە، تازە ئەتەوێ سەرکەویتەوە؟ هیچ شتێکی تر نەماوە بتکەن بەوە تەنها فەڕاشی نەبێ، من وتم بتکەن بە فەڕاش و ئیتر دوای ئەوە هیچی تر نامێنێتەوە کە بتکەن بەوە بۆ خۆت ڕزگارت ئەبێ.

ئەمین زەکی بەگیش بەم کارەساتە پێکەنین ئەیگرێ و لام وایە ئیشێکی بۆ خوابیامەرز کرد.