حەمە بەگی حاجی ڕەسووڵ بەگ گێڕایەوە وتی لە...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٨)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  817 مشاهده

حەمە بەگی حاجی ڕەسووڵ بەگ گێڕایەوە وتی: لە تاریەر عێل سەرەوژوور ئەبوونەوە بۆ کوێستان، دوو سواری بناری هەڵەبجە بەوێدا تێ ئەپەڕن، تەماشا ئەکەن وا دوو کوڕی عەشیرەتی کەماڵەیی چاڵێکیان هەڵکەندووە، پیاوێکی ڕیش سپی خەریکە نان و ماست ئەخوا. کوڕەکانیش بە لایەوە قنیچکەیان کردووە و سەیری ئەکەن. سوارەکان ئەپرسن لە کوڕەکان ئەڵێن ئەمە چییە؟ ئەڵێن برا ئەمە باوکمانە پیر بووگە بۆمان ناگاتە کوێسان، عێل خڕەی کرد چوو، ئێمە بەجێ ماگین وەلایەوە. نان و ماستمان بۆ دانیاگە بیخوا، ئەو چاڵەشمان بۆ هەڵکەندگە، کە نان و ماستەکەی خوارد، بیخەینە چاڵەکەوە دایپۆشین باقەل و داڵ لەم چۆڵەوانیەدا نەیخوا، خێرا ئێمەش بچین وە شوێن عێلدا بیانگەینێ.

پیاوەی هەژاریش وا هەر خەریکە مڵچە مڵچ نان و ماستی خۆی ئەخوارد و بزەبز سەیریان ئەکا، نازانێ دنیا چ باسە.

وتی وتمان، کوڕە هەی زۆڵینە ئەمە ئێوە چی ئەکەن، ئەوانمان دایە بەر قۆناخە تفەنگ دەرمان کردن و پیاوەکەمان خستە پاشکۆی خۆمان و هێنامانەوە. بەخێومان کرد تا عێل گەڕایەوە بۆ شارەزوور، هەتیوەکان باوکەکەیانمان پێ دانەوە، هەتا چەند ساڵ دوای ئەوە هەر ما و پاشان عەمری خوای کرد.