کابرایەک کوڕێکی هەبوو هەر جارە ئامۆژگاری...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٨)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 1 دقیقه  745 مشاهده

کابرایەک کوڕێکی هەبوو، هەر جارە ئامۆژگاری ئەکرد و ئەیوت: ڕۆڵە هەموو جار پێت ئەڵێم تۆ ئەبێ بۆ ژیانی پاشە ڕۆژت شتێک بە دەستەوە بێ بۆ ئەوە پێوە بژیت. پێت ئەڵێم تەنافبازی فێرببە، هونەری سەرمەقولات، جوێنی سەگەوانی فێرببە. قۆمەشکەنی فێرببە. چەقەنەی مەلا سمایلی فێرببە. لۆتیەتی فێرببە. چاک مەیموون هەڵپەڕێنە. هەموو جار ئەمانەت پێ ئەڵێم هیچ بە گوێم ناکەی، ئەمە ئاخر جارە پێت ئەڵێم، ئیتر لە تاقەتما نەماوە ئەگەر بە گوێم نەکەیت ئەتخەمە بەر خوێندنی مەلا، بۆ ئەوە ببی بە عالم و زانا، ببی بە شاعیر و دانا، ببی بە فەیلەسووفێکی توانا، ببی بە پارچە گەوهەرێکی درەخشان لە هەموو هوونەرێکا، بەڵام شێوی شەوت نەبێ بیخۆی و کەسیش پێت نەڵێ کەرت بە چەند.