مەلا فەتاح هەبوو لەو موکریانە هەتا بڵێیت...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٨)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 1 دقیقه  751 مشاهده

مەلا فەتاح هەبوو لەو موکریانە، هەتا بڵێیت ناشرین و ناهەموار بوو، بەڵام لە قسەدا گرەوی بردبۆوە و زۆر قسە خۆش بوو. کوڕێکیشی هەبوو مەلا عەلی ناو بوو، مەلا عەلی لە فقێیەتی بوو بوو، هەمووجار هاتوچۆی ماڵی خۆیانی ئەکردەوە بۆ سەردان، بە پێچەوانەی باوکی، ئەم ئینسانێکی ڕێکوپێک و جوانچاک بوو. مەلا فەتاح وەکوو عادەتی پیاوێکی بە وەعی و بەدین، دائما ئاوێنە و کل و کلتوور و مەقەستی پێ بوو، بۆ ڕێکخستنی سەر و ڕیشەکەی و چاوڕشتنەکەی، مەلا عەلی کوڕی هەر جار کە ئەچووە ماڵەوە، سەیری ئەکرد ئەوا باوکی چاوی ڕشتووە و ئاوێنەکەی بە دەستەوەیە شوکری خوا ئەکا،«حەمد و سەنا بۆ ئەو خوایە کە ئێمەی بە چاکترین سوورەت دروست کردووە!» مەلا عەلی کوڕیشی هیچ دەنگی نەئەکرد.

ڕۆژێک مەلا عەلی چووە دەرەوە یەکێک لێی پرسی باوکت لە ماڵە؟ وتی: بەڵێ! وتی: چی ئەکا؟ خوا ئەخا بە درۆوە!