کابرایەکی زەفتیە فێر ببوو کە ئەچووە حەمام...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٨)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  673 مشاهده

کابرایەکی زەفتیە فێر بووبوو کە ئەچووە حەمام و ئەهاتە دەرەوە بە حەمامچییەکەی ئەوت ماڵت ئاوا بێ و لێی ئەدا و ئەڕۆیشت، بە بێ ئەوە هیچ پارەی حەمام بدات. وەختی واشبوو ماڵاواییەکەشی نەئەکرد ڕاست لێی ئەدا ئەڕۆیشت، بۆیەش وای ئەکرد چونکە زەفتیەیە و خەڵک ناوێرن قسەی لەگەڵ بکەن. ڕۆژێک لەسەر عادەتی جاران ئەچێ بۆ حەمام، خۆی ڕووت ئەکاتەوە ئەچێتە حەمامە گەرمەکە. کاتێ دێتەدەرەوە، سەیر ئەکا جلەکانی هیچی نەماوە، تەنها پۆستاڵە چەکەکە و قایشە دڕاوەکەی پشتی نەبێ. ئەویش بە حەمامچییەکە ئەڵێ: کوا جلەکانم؟ حەمامچیش ئەڵێ: نازانم جلت هەبووە یان نەتبووە، بڕوا ناکەم هەتبووبێ. ئەکەونە کێشەوە، لە ئاخر کابرای زەفتیە هەڵئەستێ پۆستاڵەکانی ئەکاتە پێی و قایشە شڕەکەی ئەبەستێتە پشتی و ئەچێ لە بەردەمی کابرای حەمامچیدا تەق سەلامێکی بۆ ئەگرێ و ڕوو ئەکاتە خەڵکەکە و ئەڵێ:

خەڵکینە بە ویژدانتان من بەم جۆرە هاتووم بۆ حەمام؟ حەمامچیش ئەڵێ: بەڵێ بەو جۆرە هاتووی، تۆ بۆ حەمام نەهاتووی، بۆ سێبەری ئەشکەوتی جاسانە هاتووی، یەکێ بچێ بۆ سێبەری ئەشکەوت، دیارە گەرمایەتی، ئەچێ بۆ ئەوە فێنکی بێتەوە؛ کە واتە لەبەر گەرما خۆی ڕووت ئەکاتەوە. کابرا زەفتیە تێئەگا کە حەمامچی لە کوێوە قسە ئەکا.