ساڵێک دەستەیەک پۆلیس ئەچن بۆ ئەو شارەزوورە...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٨)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 3 دقیقه  733 مشاهده

ساڵێک دەستەیە پۆلیس ئەچن بۆ ئەو شارەزوورە، لە ئاوایی «قەدەفەر» ئەمێننەوە. لە پاش ماوەیەک ئەمریان بۆ دێ کە بگەڕێنەوە بۆ سولەیمانی، هەموو کۆ ئەبنەوە تەماشا ئەکەن یەکێکیان کەمە، ئەو یەکەش حەمە چاوشین ئەبێ. مەکە ئەم حەمە چاوشینە حەزی لە ئافرەتێکی جوان کردووە. کە ئەزانێ ئافرەتەکە لە ماڵەوە نان ئەکا بە بیانووی برسیەتیەوە ئەچێتە ژوورەوە. ئەو کە جاران ئەیبینی ئافرەت خۆی داپۆشیبوو شێت ببوو بۆی، ئێستا ئەم مەچەکە نەرم و شلانەشی هەڵکردووە، هەر بەتەواوی هار ئەبێ. ئەچێتە پێشەوە داوای نانی لێ ئەکا، ئافرەتەش نایەوێ دەری بکا، چونکە ڕەوشتی لادێ وانییە یەکێ دەربکەن کە داوای نان ئەکا، پێی ئەڵێ برام فەرموو نان ئەوەتە هەڵگرە. کابرا لە خۆشیا خەریکە بکەوێتە باڵ، هێز ئەداتە خۆی ئەچێتە پێشەوە نانێ هەڵئەگرێ، کە یەکەم پاروو ئەگرێ یەکێ لێ ئەدا. چی بکا، هەر ژنە ئەگرێتە خۆی و دەست ئەکاتە ماچکردنی و خێرا خێرا ئەڵێ بە قوربانی چاوەکانت بم لای کەس مەیڵێ با ئابڕووم نەچێ. ژنەی بەسەزمانیش بە فێڵەکەی نازانێ ئەڵێ مەترسە برام مەترسە لای کەس دەنگ ناکەم، نەخێر کابرا دەست ئەداتە نانی دووهەم، هەر بە چەشنی یەکەمجار تڕێکی تر بەر ئەداتەوە، ئەمجارەش پەلاماری ژنە ئەداتەوە و ئەڵێ بیکە بە خاتری ئەولیایان لای کەس دەنگ مەکە با ئابڕووم نەچێ. ئەمجارە ژنە باش لە کابرا ئەگا، خۆی ڕائەپسکێنێ و گوڕ ئەداتە خۆی، تاو ئەداتە سەرە بزوتێکی قەوی و پەلاماری ئەدا، زۆر باش دوو سەری بزوت ئەماڵێ بە سەر و گولاکیا و ئەڵێ قەحبەباب نیازت هەیە بە تڕ سواریشمان بی؟ یاڵڵا دەی. کابرا بەپەلە دەرئەپەڕێ، نانەکەشی بە دەستەوەیە، لەو وەختەدا دەرئەپەڕێ، ماڵەکە سەگی دڕیان ئەبێ، سەگە پەلاماری کابرا ئەدا، کابرا لە پەلە پەلی و لەو لاوە سەرە بزووت و لەم لاوە سەگ، پێی هەڵئەنگوێت ئەکەوێ. نانی لە دەست ئەکەوێتە خوارەوە، ئەمیش لە کەتنەکەیا سەر و گوێی ئەکەوێتە لای نانەکە. سەگ کە چاوی بە نان ئەکەوێ پەلاماری نان ئەدا، کە نان هەڵئەگرێتەوە کەڵبەی بەر گوێی کابرا ئەکەوێ، نیوەی گوێ و نانەکە پێکەوە ئەبا. کابرا خەڵتانی خوێن ئەبێ. پۆلیسەکانی تر و خەڵک کۆ ئەبنەوە و ئەڵێن ئەمە چییە؟ ئافرەتیش لە ماڵ دێتە دەرەوە ئەڵێ ئەم کابرایە برسی بوو و داوای نانی کرد، نانم دایە و گەڕایەوە دواوە، سەگێکی دڕمان هەیە سەگەکە پەلاماری دا، کابرا بلامانێ دەستی کرد بە تڕ کەندن. سەگەکە لای وابوو ئەمە دەمانچەی پێوە ئەنێ، هیچ دەمانچەشی دیارنەبوو. لەو وەختەدا ئەمیش کەوت، سەگەکە نیشتە ملی و وای لێ کرد. ژنەکە وتی سەگەکەی ئێمە زۆر بەستەزمانە، بەڵام کابرا تڕەکەی خۆی وای لێ کرد. پۆلیسەکان کابرایان هەڵگرت بردیانەوە بۆ سولەیمانی، ئیتر لە دوای ئەوە مەنشوور بوو بە حەمە تڕکەن.