ئەم ئاسمانەی ئێمە وا ئەزانین چاومان لێیە و...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٨)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  595 مشاهده

ئەم ئاسامانەی ئێمە وا ئەزانین چاومان لێیە و کەچی چاویشمان لێی نییە، زۆر سەیرە. هەر تەنیا قسەیەکی کورت لە ئەستێرەکانیەوە ئەکەین وا ئەزانین هەزاران ئەستێرەی تێدایە، کەچی وانییە؛ بەڵکوو تەنگی بە گەلێ ملیۆن هەڵچنیوە، ئەگەر واتزانی کەمی کردووە، هیچ لێی ڕامەوەستە و بیبژێرە.

تیشکی ڕووناکی لە هەر سانیەیەکدا ١٨٦ هەزار مایل ئەبڕێ و تیشکی مانگ بە سانیەیەک ئەگا بە ئێمەی ڕمووزنی سەرزەوی، کە ئەرزەکەی ئێمە بە چاو ئەو ئەستێرانەوە ئەڵێی خڕنووکەیە. هی ڕۆژ بە هەشت دەقیقە، واتە بە ٤٨٠ سانیە. کە واتە دووری ڕۆژ لە ئێمە ٤٨٠ ئەوەندەی دووری مانگە. ئەگەر شەو و ڕۆژێک بیست و چوار سەعات، وە یا ١٤٤٠ دەقیقە و مانگێک ٣٠ ڕۆژ و ساڵێک و ١٢ مانگ بێ، ڕووناکی ئەستێرەی قوتب بە ٤٨٦ ساڵ ئەگا بە ئێمە.

ئەستێرەیەکی تر هەیە لەو سەرە ئێمە پێی ئەیژین «ژنەتاوسە». ڕووناکییەکەی بە دوو ملیۆن ساڵ ئەمانگاتێ. ماشەڵڵا لە ئیشی خوا! لەم ئاسمانەدا، وە یا بڵێین لەم بۆشایی دوایی نەهاتووەی ئاسمانەدا بە ملیارد ئەستێرە هەیە، کە گەلێ ملیار ساڵی ئەوێ تا ڕووناکیەکەیان بگا بە ئێمە. ئەگەر بڕوا ناکەی گوریسێک بگرە بە دەستەوە بە تیشکی ئەستێرەکەدا هەڵزنێ تا ئەگەیتە ئەوسەر، لەو لاوە بە گوریسەکە وردە وردە بیپێوە تا ئەگەیتە ئەم سەر.

لەم گەڕانەتا بە ناو ئەستێرەکانا تووشی فرە شتی سەیر سەیر ئەبی. ئەو وەختە دێیتە سەر ئەوە کە تەنیا ئەرز جێگای ئادەمیزاد و گیانلەبەر نییە، بەڵکوو لە هەندێ لە وانا گەلێ زیاتر هەیە و ئەوان ڕشخەن بە ئێمە ئەکەن، «ئێمەی ئادەمیزاد» پەکوو لەو عەلامەتێ.