ڕەحمەتییەکە فەرهەنگێکی هەبوو لەو...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٨)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 3 دقیقه  828 مشاهده

ڕەحمەتییەکە فەرهەنگێکی هەبوو، لەو فەرهەنگەیا گەلێ شتی باس کردبوو، ڕشتەی مرواری قەیدی چییە باسی هەندێکی بکا، خۆ قوفڵی کەعبە کەچ نابێ، ئەفەرمووێ:

«قران النحسین»: ئەوەیە کە دوو سەرخۆشی ڕیشدار ماچی یەکتر بکەن.

«عەربەدە»: نوێژێکە لە گۆڕی سەر خۆشانا بکرێ.

«پاڵەوان»: ئاقڵێکە لە ناو سەرخۆشانا دابنیشێ.

«بەرات»: ئەوەیە کە لە وەختی سەرخۆشیدا وەعدی پێی بدا، بەڵام کە هاتەوە هۆش خۆی نەیدا و پەشیمان ببێتەوە.

«فزووڵی»: ئەو کەسەیە کە لای دامە و تاوڵە دانێی و یەکێ لە دوو کەسەکە فێر ئەکا.

«زولقەرنەین»: ئەوەیە کە دوو ژنی هەبێ.

«مودەبیر»: ئەو کەسەیە کە مەساریفی لە دەرامەتی زیاتر بێ.

«ڕیش»: تەزبێحی دەستی ئەو کەسانەیە، کە ئەچنە دەرباری فیکرەوە.

«ڕووڕەش»: ئەو کەسەیە کە یەکەمجار تووشی یارەکەی ئەبێ و حەیتەکەی لووت بەرز ناکاتەوە.

«ماڵوێران»: ئەو کەسەیە کە ژنی دەستەمۆی لە ماڵا هەبێ.

«بازاڕی»: وەستای جنێو.

«هۆنەر»: قسەدز.

«موعجزە»: ئەو کەسەیە کە لە لای دامە و شەترەنج و شت دائەنیشێ، ڕاستیەکەی ئەزانێ نایڵێ.

«ئەلتقاوالساکنین»: دوو فەقێن لە حوجرەیەکدا.

«ڕەمەزان»: بەهیوای بەهەشت چوونە ناو جەحەنەمەوە.

«سوێن»: پێخۆری درۆ.

«عەزرەفوت»: ئەو کەسەیە شعری خۆی ئەخوێنێتەوە سەری بۆ ئەلەقێنێ.

«ڕاستگۆ»: دووژمنی هەموو کەس.

«بێ گوناح»: ئەو کەسەیە، کە کەوتبێتە ژێر دەستی سەرتاشی ناشیەوە.

«نادر»: ژنێکە کە قسەی بە ڕێ و جێ بکا.

«بەدبەخت»: جوانێکە کە ژنی پیری هەبێ.

«پێوڵەت»: پیرێکە کە ژنی جوانی هەبێ.

«زەبانیە»: سەرتاشی ڕیشدار.

«زەقووم»: ئەو پارەیەیە کە ئەیدەیتێ.

«مەلا»: عزرائیلی مناڵان.

«دیق و دەرد»: هاوڕێی خراپ.

«بەرگدووری چاک»: ئەو بەرگدوورەیە کەجلەکان ئەندازە نەروێت.

«تەوقی لەعنەت»: ئەو زاوایەیە، کە هەر لە ماڵا بێت.

«زیرەکی تەواو»: ئەو کەسەیە کە شعر بنووسێتەوە و بیخوێنێتەوە و هیچی لێ تێنەگا.

«داماو»: پیرەژنێکە، کەسێک بۆ ئیشێکی خێر لای لێ نەکاتەوە.

«نمایشگا»: کوڕی سەرخۆشان.

«خەناق»: میوانی دایمی.

«نوستن»: زڵیا و پڵیاوی هەژاران.

«خرخاڵ»: ئەنگوستیلەی پێ.

«دۆعای خێر»: ئیسحانی هەرزان.

«ژێرکراس»: مەحرەمی دایمی.

«ئومێد»: کەشکۆڵی بێ نەوایان.

«شەونم»: فرمێسکی چاوی شەو.

«مامان»: دەرکەوانی دوابڕاوەکە.

«چاو»: دەروازەی دڵ.

«حاجی لەقلەق»: ماڵاوایی زستان.

«گۆڕەوشار»: بن دەستی پیرێژن.

«بانگێژ»: جاڕچی خوا، دوژمنی خەو.

«پشت مل پان»: گێلوریابە دەست نەبەی بۆ پشت ملی خۆت..