مەلا هەمزەی کوڕی محەمەد سەرەتا لە گوندی...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٨)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 4 دقیقه  592 مشاهده

مەلا هەمزەی کوڕی محەمەد، سەرەتا لە گوندی «دەمەرقوس» هاتۆتە دنیاوە، ئەم گوندە بەر قەزای شاخی حەکاری وڵاتی «نۆدێز» و لە عەشرەتی خانی لە لیوای «وان» لە وڵاتی تورکیا دایە. ئەم پیاوە یەکێک بووە لە زانا پایە بەرزەکانی ئەو وڵاتە، هەموو وڵاتی کوردەواری بە سۆران و بۆتانەوە لەو سنوورانەدا گەڕاوە بۆ خوێندن و لە گوڵی زانایی هەر مزگەوت و عالەمێک شیلەیەکی شیرینی وەرگرتووە. جگە لە پایەی زانایی ئایینییەکەی شارەزاییەکی تەواوی هەیە لە بارەی کورد و عەشایەری کوردەوە. لە شێوەی سۆرانیدا بە پوختی قسە ئەکا و ئیمام و خەتیپ و مودەڕڕسە لە یەکێ لە مزگەوتە ئەهلییەکانی ناوشاری زاخۆ، دوو کوڕی هەیە، ئەم کاتە تەمەنی لەدەوری هەشتا ساڵیدا ئەبێ.

لە ڕۆژی ١٩٧٣/٨/٣ لەژێر خێوەتەکەدا لە حاجی هۆمەران پێکەوە دانیشتبووین گەلێ سەرگوزەشتی ڕابردووی بۆ گێڕامەوە. یەکێک لەوانە ئەم کارەساتەی خوارەوەیە کە بەرانبەر بە ڕەوڕەوەی مێژوو ڕێکەوتێکی سەیرە. وتی:

لەو گوندی دەمەرقوسە بنەماڵەیەک هەیە بە میراتی بە تەمەندرێژی هاتون، پیاوێک هەیە «میرخان»ی ناوە، ژنێکی هەیە «عەجە»ی ناوە. نازانم ئێستا ماون یا نەماون، چونکە زۆر لە مێژە من لەوێ دەرچووم. ئەمانە نەتەوە و بەرەیەکی زۆریان لێ کەوتۆتەوە، ئەتوانم بڵێم تەنیا ئەوان بوون بە گوندێکی سەربەخۆ. عەجە دەستنوێژی لە ٢١ کەس لەوانە ناشکێ. ئەو سەردەمە کە من چاوم پێیان کەوتبوو، هەموو مابوون ئەمانەش بەم جۆرە: دوویان باوک و باپیری مێردەکەی و دوو کوڕی خۆی، چوار زاوا، دوویان مێردی دوو کچی مێردەکەی خۆی بوون کە لە ژنی تر بوون، دووشیان کوڕی زڕکوڕەکانی بوون، دووشیان یەکێکیان کوڕی کوڕەکەی بوو، یەکێکیان کوڕی کچەکەی، شەش کوڕ و خوشکەزای شیری، سێ لە مانە خۆی شیری دابوونێ، سێ کەی تریان ژنی پێشووی مێردەکەی «میرخان» شیری دابوونێ، کە ئەو ژنە و ئەم «واتە عەجە»، خوشکی شیری یەک بوون، یەعنی پیاوێک شیری دابوو بەمانە. مەلا هەمزە وتی: ئەمانە هەموو مابوون و پیاو بوون. تا ئەم شوێنە ئاگادارییەکەی مەلا هەمزە بوو.

منیش بەم هۆیەوە شتێکی مێژوویم کەوتەوە بیر، هەر چەندە ئاشنایەتی بە کوردەوە نییە، بەڵام شتێکی مێژویی و عاجباتییە، بۆ زانیاری بێ کەڵک نییە. ئەوەندە هەیە من هی «عەجە»م بە لاوە ڕووداوێکی سەیرترە، ئەوەش ئەوەیە کە: «عاتکە» کچی یەزیدی کوڕی موعاویەی کوڕی ئەبی سفیان دایکی یەزیدی کوڕی عەبدولمەلکی کوڕی مەڕوان بوو. لە یەک کاتا حەرام بوو لە یانزە کەس لە خەلیفەکانی ئەمەوی، کە ئەو یانزە کەسەی لە ژیانا چاو پێ کەوت، ئەوانیش:

١- یەزیدی باوکی

٢- موعاویەی باپیری

٣- مەڕوانی باوکی عەبدولمەلک کە ئەم ژنی عەبدولمەلک بوو و مەروان ئەبێ بە خەزووری.

٤- وەلیدی کوڕی عەبدولمەلک.

٥- سولەیمانی کوڕی عەبدولمەلک

٦- هوشامی کوڕی عەبدولمەلک، کە ئەم سێیە هەنەزای بوون.

٧- وەلیدی کوڕی یەزیدی کوڕی خۆی، کە وەلید ئەبێتە کوڕەزای.

٨- یەزیدی کوڕی وەلید کوڕی عەبدولمەلک.

٩- ئیبراهیمی کوڕی مەڕوانی کوڕی وەلیدی کوڕی عەبدولمەلک. کە ئەم ئیبراهیمەش کوڕی هەنەزای بوو.

١٠- یەزیدی کوڕی عەبدولمەلک. کە ئەم یەزیدە کوڕی خۆی بوو.

١١- موعاویە برای خۆی، کە ئەکاتە موعاویەی کوڕی ئەبی سفیان.

لەمەوە دەر ئەکەوێ کە عاتکە خەلافەتی دوانزە کەسی لە ئەمەوی دیوە، یەکێکیان کە عەبدولمەلکی کوڕی مەروانە، مێردی خۆی بووە و ئەوانی تر بە هۆی نەسەب و ژن و ژنخوازیەوە لێی حەرام بوون و دەستنوێژی لێیان نەشکاوە.