لە سولەیمانی لەو گەڕەکی سەرکارێزە پیاوێک...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٨)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 1 دقیقه  547 مشاهده

لە سولەیمانی لەو گەڕەکی سەرکارێزە پیاوێک هەبوو مەحمووی ناو بوو، خوشکێکی هەبوو فاتمی ناو بوو. مەحموو منداڵێکی زۆری بە ڕیشەوە بووبوو، هەر لە بەیانیەوە بۆی ئەکێشان تا ئێوارە باشاری نەئەکرد. فاتمیش هەر خەریکی ئاوکێشان بوو بۆیان. زۆرتریش کە مەحموو ئەچووەوە شتی ئەبردەوە تووشی فاتم ئەبوو کە ئەچوو بۆ ئاو. ڕۆژێک لە کاتی هاتووچوودا مەحموو لە فاتم ئەپرسێ: چۆنی؟ ئەویش ئەڵێ: چۆنم، لەم ماڵەدا خوا لە من و تۆ بەدبەختتری دروست نەکردووە، تۆ هەرخەریکی حەماڵی و من هەر خەریکی ئاوکێشی.