لە سنە لە مزگەوتی فاروقیە لە سەردەمی مەلا...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٨)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  585 مشاهده

لە سنە لە مزگەوتی فارۆقیە لە سەردەمی مەلا عەلیدا مجەورێکی لێ بوو شەل بوو، دەستێکی کۆچ بوو، چاوێکی نەبوو، سەرێکی زیرگنی پێوەبوو. میرزا مەهدیەکی مونشی هەبوو، پیاوێکی دەوڵەمەند و خانەدان بوو، زەمان فێری تلیاک کێشانی کردبوو، لە ڕێگای تلیاکا هەموو ماڵ و سامانەکەی دۆڕاندبوو، جێگای نەمابۆوە بۆ ستار گرتن، تەنیا مزگەوتی فارۆقییە نەبێ. ئەگەر بە سواڵکردن، وەیا بە ڕەشەدزی دوو قەرانێکی دەست کەوتایە ئەیدا بە تلیاک. سووچێکی پەنای دیتبووەوە لە حەوشەی مزگەوتەکە، ئەچوو لەوێدا تلیاکەکەی ئەکێشا. لە پاش بەینێک مجەورەکە پێی زانی و دەستی کرد بە قسە وتن پێی؛ کە تۆ چۆن لە حەوشی مزگەوتدا تلیاک ئەکێشی. میرزا مەهدیش لەبەر بێ دەرەتانی هەموو قسەیەکی لێ قەبوول ئەکرد. بەڵام مجەورەکە هەر لە تامیا نەهێشت و هەر ئەیوت تۆ لە مزگەوتا چۆن تلیاک ئەکێشێ. میرزا مەهدی ئیتر لە وزەیا نەما، وتی ئاغەی خادمی شەلی کوێری کوچی کەچەڵ، خوا ئەوەننە میهرەوانیی نەکردووە لەگەڵ تۆدا وا ئەوەننە تۆ لە سەری ئەکەیتەوە و مزگەوتەکەی بۆ ئەپارێزی، وازم لێ بێرە با بە دەردی خۆمەوە بتلێمەوە، چەس ئەیژی بە کراهە گیریاگی بۆ ئەوە لەسەر خو ابکەیتەوە.