حەمە بەگی حاجی ڕەسووڵ بەگ گێڕایەوە وتی...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٨)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 3 دقیقه  586 مشاهده

حەمە بەگی حاجی ڕەسووڵ بەگ گێڕایەوە وتی:

کابرایەک هەبوو لەو جافەتییە «شانەزە»یان پێ ئەوت، دۆستێکی هەبوو لەناو گۆرانەکانا زۆر زۆر هاتوچووی ئەکرد، پێی ئەوت برا تۆ بەری جووت و گاکەت بەشت ناکا، من دەستم ئەڕوا لە لای مەحموو پاشا پێی ئێژم بتکا وە سەگەوان لە لای خۆی، هەم ئەوی وە ئێمە، هەم نانێکی فرەشت دەست ئەکەوێ. بە بیانووی ئەم قسەو ئیتر هەموو ڕۆژێک لە ماڵی کابرای گۆرانە بوو، ئێوارێ گالۆکی خۆی هەڵئەگرت و ئەچوەوە بۆ ماڵی خۆی لە هۆبەکەیان، بەیانی دیسان ئەهاتەوە. کابرای گۆرانیش لەبەر ئەوە ڕۆژیان کوڵابوو بە دەست کوردەکانەوە، لە بەڵێ بەو لاوە و لە نان بۆ دانان بەو لاوە هیچی تری بۆ نەمابوو.

ئەو ساڵە لەسەرچوو، کەوتە پاییز عێل گەڕایەوە بۆ گەرمیان .کەوتە بەهار دیسان عێل سەرەوژوور بووەوە بۆ کوێستان، کابرا ناسراوێکی تری هەبوو لەو دەشتی شلێرە بیستبووی کە نەخۆشە، هەر بە دەم کۆچەوە چوو سەرێکی لێدا و بۆ نیوەڕۆژە لەوێ بوو. پاشان وتی برا وا کۆچ ڕۆیشت، توێ بڕۆم پیا بگەم، لێرە وە سەر پێوە هاتم سەرێکتان لێ دەم، ئێمە ئەچین بۆ کوێستان. ئەگەر نەخۆشەکەتان مرد خۆتان خۆش ون، ڕێگام دوورە ناتوانم لە کوێستانەوە بگەڕێمەوە. ئەگەر وە خێر لەو سەرەوە گەڕاینەوە بۆ گەرمیان لا ئەدەم و سەرەخۆشیەکی ترتان لێ ئەکەم، ئیتر وە دۆعا.

کە گەیشتنە کوێستان دەواریان دامەرزاند و جێگیربوون، پاشان دەستی کردەوە بە هاتوچۆ کردن بۆ ماڵی گۆرانەی دۆستی، ئەمجار ڕۆژێک بە کابرای گۆرانەی وت برا وە پاشام وت بتکا وە سەگەوان، ئەویش فەرمووی خاسە، بەڵام با هەر لە ئێستاوە پێت بێژم خاسە، وا بزانە تۆ ویت وە سەگەوان لای پاشا، پاشا مرد تۆ ئیتر سەگەوانیەکەت نامێنێ، ئەکەویتە بارەکەی خۆت. من هەر لە ئێستەوە خەریک ئەوەم ئیشێکی ترت بۆ بدۆزمەوە. وە خێر کە عێل گەڕایەوە بۆ گەرمیان، ئەو وەختە خەوەرت بۆ ئەنێرم تۆیش بێ بۆ ئەوێ. تۆی بێیت بۆ ماڵێ ئێمە، ئیشەکەت پێ ئێژم و یەک دوو ڕۆژ چاوت پێمان ئەکەوێ و دوای ئەوە ئەگەڕێتەوە بۆ کوێستان. ئەگەر ئەو وەختە چەرچیش هات بۆ ئێرە و موورگی پێ وو تۆخوا نەختێ موورگی کوێستانیش بیرانە بۆ دەزوێنکی ئەو کەنیشکە بێفەڕە بچووکە، کە هەر داوا لە دایکی ئەکا. ئیتر ئەم قسەیەش بوو بە پێخۆری ئەو ساڵەیان، کابرای گۆرانەش چاری نەئەما هەر ئەیوت خوا لە برایەتی و هاوسەری کەمتان نەکا.