کابرایەک بوو پیرۆتی ناو بوو خاوەنی مەڕ و...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٨)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 4 دقیقه  755 مشاهده

کابرایەک بوو «پیرۆت» ناو، خاوەنی مەڕ و ماڵات و سامانێکی زۆر بوو، بەڵام لەبەر پیسکەیی خواردنی شەو و ڕۆژی خۆی و منداڵانی بووبوو بە ساوەر. ژنەکەی هەر چەندە ئەپاڕایەوە، کە پیاوەکە خوا قەبووڵی نییە خۆم و منداڵەکانم وشک هەڵگەڕاوین بە ساوەر خواردن، خوا نەیبڕێ دەوڵەتێکی زۆرت هەیە با هیچ نەبێ حەفتەیەک، جارێکیش برنجێکمان دەرخوارد دەی، سوێمان بووەوە. پیاوە وتی دایکم ساوەر، باوکم ساوەر، ئافرەت تۆ ئەقڵت نییە، ساوەر ئاوسێ، پیاو قەڵەو ئەکا، لەسەر پێشاو زوو دەرئەچێ، خواردنی پێغەمبەرانە، قەراوانەی پڕی شوانانە، گەنمی بەهارەی کوێستانانە، بەرداش خۆی لەبەریا ناگرێ، تەشپی لاوەشی بۆ ئەگرێتەوە، لە زستانا ئازووخەی ماڵە، لە بەهارا خواردنی مناڵە، لە هاوینا ڕەنگی ئاڵە، لە پاییزا خێری خوایە، لە هەر چوار وەخت بۆمان مایە، جارێکی تر ناوی نایە، خوا یەکە و نەبووە بە دوو، بۆ ساوەرە تۆی دا بە شوو. ئافرەتی هەناسە سارد هیچی بۆ نەمایەوە ئەوە نەبێ کە بچێتە لای مەلاکەی دراوسێیان دەردەدڵی خۆی و مناڵەکانی لە لا بکا. وتی مامۆستا چ بکەم؟ خۆم مناڵەکانم وەختە سوێمان بێتەوە بۆ چێشتێکی برنج، مێردەکەشم ئەو هەموو سامانەی هەیە ئێمەی گرتووتە ساوەر، لە ساوەر بەولاوە نابێ شتێکی تر بخۆین، لە ڕێی خودا، بەڵکوو چارێکمان بکەی و لەم ڕۆژە ڕەشە ڕزگارمان ببێ. مەلا زۆر دڵی پێ سووتا، وتی خوشکم بچۆ بەڵکوو چەند دەنکە حەبی سێوی توورش پەیدا بکەی لەگەڵ چەند هەودایەکی جاڵجاڵۆکە پێکەوە بیسووەوە و بیدە لە لووتیا ئیتر وازی لێ بێنە بۆ من.

ژنە چوو بە هەر جۆر بوو ناوکە سێوێکی پەیدا کرد و لەگەڵ تاڵە جاڵجاڵۆکەدا وەکوو مەلا وتی، وای لێ کرد. سەیری کرد مێردەکەی لە خۆی بووردووە و بێ هۆش بوو. ژنە شپرزە بوو هات بۆ لای مەلا، مەلا وتی خەمت نەبێ وازی لێ بێنە تا شەوێ.

شەوێ مەلا دوو فەقێی ئازای هەبوو، وتی لەگەڵم وەرن، هەر سێکیان چوون کابرایان هەڵگرت و جلەکانیان لەبەر داکەند، کفنیان کرد و بردیان بۆ سەر قەبران چاڵێکیان بۆ هەڵکەند و خستیانە چاڵەکەوە. مەلا ئەوی پێویست بوو بە فەقێکانی وت. کابرا زۆری پێ نەچوو هاتەوە هۆش، تماشای کرد ئەوا کفنی پێوە پێچراوە لە ناو قەبرایە. وتی ئۆف ئەمە ڕۆژەکە بوو کە لێی ئەترسام، یەکێ لە فەقێکان چووە لای سەریەوە

وتی: چەند خوا هەیە؟

وتی: هەر یەک خوا.

- چییە ناوت؟

- قوربان پیرۆت

- چییە خواردن؟

- نانی هەرزن

- شیوی ماڵت چییە بە ناو؟

- خوا نەیبڕێ ساوەر بە ئاو

- نابێ برنج لەوێ هەبێ؟

- ساوەر هەبێ ئەو نابێ بێ

- چی دی نابێ بخۆن ئێوە؟

- وتی:ساوەر بابە ساوەر داکە

- ساوەر هەبێ برنج نابێ

- ساوەر جێگای گشت پیتاکە

فەقێ کوتکێکی پیا ماڵی و وتی: ڕۆژی ڕەشت ئاوا ئەبێ، هاتنە وێزەی بە کوتەک دایانگرت. مەلا کە ئەو بە ئەنکیر و مەنکیری ئەزانی وتی: هەر کەس ساوەر بخوا، لە قەبرا کوتەککاری ئەکرێ و دوای قەبریش ئەخرێتە جەهەنەمەوە. هەرکەسیش برنج و شتی خۆش بخوا لە قەبرا بە باوەشێنی ڕەحمەت باوەشێن ئەکرێ و لە دوای قەبریش ئەچێتە بەهەشتەوە. دە بگرە بخۆ بۆ خۆت.

هاتنەوە وێزەی دەستیان کردەوە بە کوتەککاری کردنی، ئەوەندەیان لێ دا تا بێ هۆش بووەوە، ئەمجا هەڵیانگرت و هێنایانەوە بۆ ماڵەکەی. کفنەکەیان لەبەر داکەند، جلەکانیان کردەوە بەری و لێیان دا ڕۆیشتن. کابرا کە کەوتە بەیانی هاتەوە هۆش خۆی و خۆی بە زیندویی بینی، قەبر و ئەنکیر و مەنکیرەکە نییە. گەلێ شوکری خوای کرد، هەرچەندە هەموو لەشیشی شکابوو، بەڵام هەر خۆی ڕانەگرت، دەستبەجێ چوو بۆ بازاڕ، لە برنج لە ڕۆن، لە مێوە، لە نۆقڵ و نەبات، لە خواردنی خۆش و هەر چی بوو لە بازاڕا هەمووی کڕی و دای بە کۆڵی چەند حماڵێکا و هاتنەوە بۆ ماڵەوە. ژنەکەی کە ئەمەی چاو پێ کەوت هەروا حەپەسا. قەت شتی وای نەدیبوو، وتی پیاوەکە ئەمە چییە؟ وتی ئافرەت دەنگ مەکە، من بە چاوی خۆم چاوم پێ کەوت هەر کە ساوەر بخوا ئەبێ لەگەڵ ئەوا کوتەک بخوا، دوای ئەوەش ئەبێ بچێتە جەهەنەم، هەر کەسیش خواردنی خۆش بخوا، جێگای خۆی و باو و باپیری بەهەشتە. تا من ماوم ساوەر نایە بەم ماڵەدا. لە خواردنی خۆش بەو لاوە هیچی تر ناچێتە سەر زمانی ئەم مناڵانەم. جارێکی کە تۆبە لە ساوەر خواردن.