سەی زوبەیری تاڵشی هەبوو گێڕایەوە وتی لەو...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٨)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 4 دقیقه  667 مشاهده

سەی زوبەیری تاڵشی هەبوو گێڕایەوە وتی: لەو لاجانە بۆ «پەسوێ» ئەچووم بۆ خزمەتی مەلا عەبدوڵڵای پەسوێ بۆ خوێندنی ڕیازیات، ڕێم کەوتە ماڵێک بە میوانی، پیاوەکە لە ماڵ نەبوو، خێزانەکەی هات بە پیرمەوە ڕاخەری بۆ ڕاخستم، بەخێرهاتنێکی گەرموگوڕی کردم، هەر خێرا مەنجەڵی خستە سەر ئاگر، لەو لاوە حەوجۆشی دایە پاڵ بۆ چا، هەر بە دەمیشیەوە بەخێراتنم ئەکا، ئەوەندە ماریفەتی لەگەڵ نواندم خۆم لە خۆما تەریق ئەبوومەوە، زۆری پێ نەچوو نانێکی تێر و تەسەلی دروست کرد و چای پێ گەیاند.

لەو کاتەدا کە ئەو هەموو شتێکی حارز کردووە مێردەکەی هاتەوە. چاوی بەو نان و خوانە و بە من کەوت ناوچاوی تێکدا و پیشی کرد. ئاخرەکەی خۆی بۆ ڕانەگیرا وتی ئەرێ ئافرەت هیچ وە بزانی من دیواخانم داناوە تۆ لە ماڵی باوکت ئەمەت هێناوە، وا ئەم خوانەت ڕازاندۆتەوە بۆ ئەم کابرا گەڕیدەیە. وتی منیش ئەوا وەختە بچم بە عەرزەکەدا. ژنە وتی پیاوەکە تۆ بۆ چی وا ئەکەی؟ ئەمە مەلایەکی سەر عەرزە، ئەم ماڵە هەر چەندە میوان ڕووی تێ کا خوا زیاتری ئەکا، تۆ بۆ چی خوا وای لێ کردووی؟ ڕوویش ئەکاتە من ئەڵێ کاکە مەلا تۆ فەڕ و بەرەکەتت هێناوە، بۆ خاتری ئەو قورئانە، کە خوێندووتە ئەگەر دڵگران ببی و نانی خۆت بە تەواوی نەخۆی. وتی بە هەر جۆر بوو چەند پاروویەکم خوارد و لێم دا ڕۆیشتم. ژنە بە ڕێی کردم تا بەرقاپی و هەر دڵی ئەدامەوە، پیاوەش هەر بۆڵەی ئەهات و لە شوێنی خۆی نەجووڵا.

وتی چووم بۆ پەسوێ و لە پاش چەند مانگێک گەڕامەوە بۆ سابڵاخ. لەم سەریشەوە ڕێم کەوتە ماڵێک و لام دا. هەر کە سەرم کرد بە ماڵەکەدا پیاوێک بە ڕوویەکی خۆش و دەمێکی بە پێکەنینەوە پێشوازی کردم و بردمیە ژوورەوە، ڕایەخی بۆ ڕاخستم و وەکوو شەکر بە دەممەوە ئەتوایەوە. گورج هەستا ملی گیسکێکی گرت دای بە عەرزا سەری بڕی، گرووی و مەنجەڵی هێنا خستیە ناویەوە و نایە سەر ئاگر و حەوجۆشی خستە پاڵ بۆ چا. وتی ژنێکیش لەو لاوە دانیشتبوو هەر پرتەوبۆڵەی لێوە ئەهات، حەرام بێ لە شوێنی خۆی نەجووڵا، کە سەیری ئەکردم وەکوو سەیری بەراز بکا وابوو. کابرا بە هەر جۆر بوو ژنەی هەستان برنج و ڕۆنی پێ هێنا و پێی خستە سەر ئاگر، بەڵام پیاوەکە خۆیشی هەر خەریکە، بە دەست ئیش ئەکا و بە دەم قسەی خۆش لەگەڵ من ئەکا، ژنەش لە خوتەوبۆڵە بەو لاوە هیچی تری لەدەست نایە، تا دەست ئەبا بۆ شتێک وەکوو بکێشن بە تەوقە سەریا وایە. وتی منیش بەمە زۆر عاجز بووم، بەڵام ڕووخۆشی پیاوەکە و گفتولفتی گلی دابوومەوە.

بە هەر جۆر بوو نان پێ گەیشت و ژنە نانی تێ کرد، بە لا لووتێکەوە هێنای داینا و گوێم لێ بوو وتی ها، بیکەنە قوزڵقورتتان. من دیواخانم ڕاگرتووە هەر ڕۆژە نە ڕۆژێک یەکێکم بۆ دێنێت. وتی بە ڕاستی دڵم زۆر ناڕەحەت بوو، لە گەڵ پیاوەکەدا پێکەوە نان ئەخۆین، وتم «سبحان اللهعربی». پیاوە وتی مامۆستا گوێ مەدەرێ، نانی خۆت بخۆ، ماڵ ماڵی منە، ئەو سەعاتە پێی زیندوو ئەبمەوە کە لە خزمەت زاتێکی وەکوو تۆدا دانیشم. وتم برا سبحان اللهعربیکەم بۆ ژنەکەی تۆ نەبوو بۆ بەسەرهاتێک بوو کە لەم سەفەرەدا چاوم پێ کەوت. وتی توخوا مامۆستا چی بووە؟ وتی منیش بە تەواوی بۆم گێڕایەوە کە چەند مانگێ لەمەو پێشتر ئەچووم بۆ پەسوێ، لە فڵانە شوێنا ڕێم کەوتە ماڵێک، ژن و مێردێکی لێ بوو، ژنەکە هەتا بڵێیت بەرچاو تێر و شاژن بوو، پیاوەکە بە پێچەوانەی ئەوەوە زۆر چروک و بەرچاوتەنگ بوو، کە چی هاتمە ئێرە بە عەکسی ئەوەم چاو پێ کەوت، پیاوەکە تا ئەوپەڕی پیاوەتی پیاو ژنەکەش نازانم بڵێم چی.

پیاوەکە زەردەخەنەیەکی کرد و دەنگی نەکرد، وتم تۆیش ئەبێ لەم زەردەخەنەیە خۆتم تێ بگەیەنی. وتی مامۆستا ئەو ژنەی کە تۆ لەوێدا چاوت پێی کەوتووە ئەوە خوشکی منە، ئەم ژنەی منیش خوشکی مێردەکەی ئەوە.