هەر حەمە عەلی گێڕایەوە وتی لە قەشان...
هەر حەمەعەلی گێڕایەوە وتی:
لە «قەشان» پارچە بەراوێک هەیە، دانراوە بۆ مەلا کە بیکا بە بێستان بۆ خۆی. بێستان هاتۆتە بەرهەم و خەیار و ترۆزی و هەموو شتێکی تێدایە. ڕۆژێک دەستەیەک ئەچن خەیارێکی زۆر ئەکەنەوە و لەسەر کانیەک لە نزیک بێستانەکەوە دائەنیشن و دەست ئەکەن بە خواردنی. مەلا ئەچێ بەسەریانا ئەزانێ ئەمە لە بێستانەکەی ئەویان هێناوە.
مەلا حەسەن هەبوو لە پێشا لە «وڵاغلو» بوو، ماڵی باری کردبوو و چووبوو لە قەشان دانیشتبوو. مەلا ئەچێتە لای مەلا شکات ئەکا ئەڵێ ئەو دەستەیە هاتوون بێستانەکەمیان ڕنیوە و هەموویان خواردووە. مەلا حەسەنیش ئەڵێ مەلا ئەمانە تاوانێکی گەورەیان کردووە، شەرع ئەفەرمووێ ئەمانە بە ڕۆژ بیانبە لە بێستانەکەدا حەپسیان بکە، بە شەویش بیانبە ماڵەوە نەوەک هەڕا بکەن، هەتا سێ چوار ڕۆژ، پاش ئەوە بیانهێنەوە، منیش خۆت ئەزانی لەسەر سەفەرم تا ئەو وەختە ئەگەڕێمەوە، کتێب چی فەرموو بەو جۆرە جەزایان ئەدەم.
مەلا ئەڵێ کە واتە مەلا حەسەن بەو جۆرە تۆ ئەڵێیت من ئەبێ دابەستە ڕابگرم. من ئەم شەرعە ناکەم و هیچم ناوێ، با بچن بە ڕێی خۆیانەوە. مەلا حەسەن ئەڵێ باوکم نابێ، ئەگەر تۆ ئێستا بەرەڵایان بکەی ئیتر فێر ئەبن دزی ڕەچاو ئەکەن و تۆیش ئەبی بە هاوبەشی گوناحیان. مەلا خوا خوای بوو ڕزگاری ببێ، کەچی مەلا حەسەن وازی نەئەهێنا، ئەیوت حوکمی شەرع ئەبێ جێبەجێ بکرێت.