هەر لەو بنارە کابرایەک ڕێی ئەکەوێتە ماڵێک...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٨)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  606 مشاهده

هەر لەو بنارە کابرایەک ڕێی ئەکەوێتە ماڵێک.(وەکوو بۆیان گێڕامەوە لە دێی تەمووتە). کابرایەکی میوان لەو ماڵە دانیشتبوو نانیان بۆ دانابوو نانی ئەخوارد. خاوەن ماڵەکەش لە ماڵ نەبوو. کابرای ڕێبوار سەلامی کرد و لەو لاوە دانیشت. کابرای میوان جوابی سەلامەکەی دایەوە، ئیتر خوڵکی نەکرد بۆ نان خواردن، وا دیاربوو یەکتریشیان ئەناسی. کابرای ڕێبوار وتی کە هاتم بەسەر ماڵی ئێوەدا تێپەڕیم. کابرای تر وتی ڕێگەکەت لەوێوە بوو. وتی ژنەکەت سکی پڕ بوو، وتی خۆیشم ئەزانم، وتی منداڵی هێنا. کابرا وتی ژنێ سکی پڕ بێ ئەبێ مناڵی ببێ. وتی دوو کوڕی هێنا. وتی خەسوویشم هەمووجار دوو دووی ئەهێنا. وتی یەکێکیان مرد. وتی دیارە ژنەکەم نەیتوانیە شیر بە هەردووکیان بدا، شیری کەم بوو. وتی لە پاش بەینێک ئەویتریشیان مرد. وتی کە براکەی مردووە، وا دیارە ئەویش لەبەر جیابوونەوەی ئەو مردووە. وتی زۆری پێ نەچوو دایکەکەشیان مرد. وتی ئەوە لە تاو کوڕەکانی سوێی بووەتەوە. وتی وادیارە خواردنت بە لەزەتە. وتی لەبەر ئەوەی ئاخر منیش ئەیخۆم. وتی کابرا خەیاڵ مەکە تۆ بیت و ئەم هێلکەوڕۆنە ناچێژیت.