کابرایەکی خەڵکی ئەو وڵاتە بۆ کاسبی چووبوو...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٨)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 3 دقیقه  609 مشاهده

کابرایەکی خەڵکی ئەو وڵاتە بۆ کاسبی چووبوو بۆ ئەو وڵاتی ئەستەمووڵە، بە هەر چەرمەسەری و پەرێشانییەک بوو، شتێکی پێکەوەنابوو. ژنێک خستبوویە داوی خۆیەوە و خۆی لێ مارە کردبوو. ژنە کوڵکە ماڵێکی هەبوو پیاوەی بردبووە لای خۆی. ڕۆژێک پیاوەکە یەکێکی خەڵکی وڵاتی خۆیانی بەرچاو ئەکەوێ، بردیە ماڵەوە. ئەم پیاوەش کە وا ڕێی کەوتبووە ئەو وڵاتی ئەستەمووڵە و لەوێ بە هەژاری ئەژیا و کەوتبووە داوی ئەو ژنەوە، لە کاتی خۆیا و لە وڵاتی خۆیا پیاوێکی پیاوانە و دەوڵەمەند بوو. وا دیاربوو شتێکی لێ قەومابوو، وڵاتی بەجێ هێشتبوو و کەوتبووە غەریبی و کەوتبووە لای ئەو ژنە. کە چوونە ماڵەوە ژنە نانی بۆ میوانەکە دانا و میوانیش زۆری برسیبوو، دەستی کرد بە نان خواردن، ئەمجا کابرا خەبەر و حاڵ و ئەحواڵی وڵاتی خۆیانی لێ پرسی، وتی:

توخوا ئێستا باشەی کوڕم چۆنە؟ کابرای میوان وتی کوڕی وا هەر نییە، هەموو ئەو وڵاتە بە سەری ئەو سوێند ئەخۆن. وتی دایکی چۆنە؟ وتی مەپرسە، ئەگەر چاکی و بە سەروبەری ئەو نەبێ باشەی کوڕت ئاوا دەرناچێ. وتی ماڵەکە چۆنە؟ وتی دیواخانەکە شەو و ڕۆژ ئەگەڕێ. وتی مەڕ و ماڵات چۆنە؟ وتی باڕەباڕی مەڕ و بەرخ ئێوارە و بەیانیان لە دەورەی ڕەشماڵا ئەڵێی دەنگی ساز و ئاوازی بەهەشتە. وتی توخوا گەماڵە بۆرە چۆنە؟ وتی بەدەوری ڕانەکەدا هەر وەکوو شێر ئەسووڕێتەوە، بۆ چی دێڵێ یەکێ توخنی ئەو مێگەلە بکەوێ. وتی هیچ خەبەرت لە ماینە کەوە هەیە؟ وتی ماین، ماین نییە، دوو جوانووی بە شوێنەوەیە، لە ناو قەرسێڵ و سێپەڕدا بە ئارەزووی خۆیان ئەلەوەڕێن.

ژنە کە زانی وا پیاوە بەو جۆرە دەستی کردووە بە قسەکردن و بەشان و باڵی سامانی مێردەکەیا دێت و مێردیش وا گوێی بۆ ڕاگرتووە، هات نانەکەی لە بەردەم کابرای میوانی هاوشاریدا هەڵگرت، میوانیش هێشتا تێری نەخواردووە. ئەمجا کابرا وتی دەی چاوەکەم لە سەر قسەکانت بڕۆ. کابراش وتی بپرسە تا وڵامت بدەمەوە. کابرا وتی قسەکانتم ئەوەندە پێ خۆشە ئەمەوێ دیسان لێت بپرسمەوە. گەماڵە بۆر چۆنە؟ وتی وەللە تۆپی. وتی چۆن بۆ چی تۆپی؟ وتی گورگ نایە ناو ڕانەکە و کەلاکێکی زۆر کەوتبوو و ئەویش خەریکی خواردن بوو ئێسقانێ گیرایە گەروی و خنکا. وتی بەڕاست مەڕەکان نەمان؟ بۆ چی نەمان؟ وتی پێم وتی گورگ تیان نیشت، ئەویش لەبەر ئەوە بوو کە ماینە کەوە بە خۆی و جوانوەکانیەوە دز بردی. ئیتر گورگ بە تەواوی دەرفەتی هێنا و لە گۆشەیەکەوە کەوتە ڕانەکە. وتی ئەی باشە، دایکی باشە نەیتوانی باشە بنێرێت چارێک بکا؟ وتی دایکی باشە مرد. وتی بۆ چی دایکی باشە مرد؟ لەبەر چی مرد؟ وتی ئەوەندە گریا بە سەر تەرمی باشەی کوڕتا هەتا سوێ بووە و مرد، وتی بۆ چی باشەی کوڕم مرد؟ ئەو بۆ چی مرد؟ وتی ماڵەکەتان ڕووخا کەوت بەسەریا، بوو بە ژێرەوە و مرد. ژنەش لەو لاوە گوێی لەم قسانەیە، هەرچەندە تێ ناگا کە ئەم کابرایە چی ئەڵێ، بەڵام بە ڕەنگ هەڵبزرکاوی مێردەکەیا ئەزانێ خەبەری ناخۆشە. ئەو زۆری پێ خۆش بوو. کابرای میوان هەر هەستا کردی بە کەوشەکانیا و بۆی دەرچوو، وتی لە خراپی ئەم ژنەت لەوانەیە ئەم ماڵەش بڕوخێت، با بڕۆم.