مەلا حەسەنی شاتری بۆی گێڕامەوە وتی لالە...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٨)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 3 دقیقه  805 مشاهده

مەلا حەسەنی شاترێ بۆی گێڕامەوە وتی:

لالە مارفێکی خزممان هەبوو دەروێشی شێخی کربچنەش بوو. پیاوێکی پیر بوو، من تازە خەتم دابوو. لالە مارف فرە شوێن گەڕابوو؛ سنە و سولەیمانی و بانە چووبوو. کە خێڵ ئەچوو بۆ کوێستان، بەتەنیا بە گۆشەی هەورامانا ئەچوو بۆ مەریوان و شلێر و ناوخوان. وەکوو بڵێیت دێوانەیەکی هەبوو. ئەو سەردەمە شارەزوور وەکوو ئێستا نەبوو، بە دەگمەن ماڵە جافی تێدا هەبوو. ئەو دەشتی شارەزوورە هەمووی گژ و گیاو قامیشەڵان بوو. وتی من تازە پێ ئەگەیشتم، جارێک لەگەڵ لالە مارفا چووین بۆ هەڵەبجە، مامۆستا شێخ ڕەسووڵ زۆر نەبوو بووبووە مەلای مزگەوتی پاشا، وەعزی ئەدا، ئێمەش چووینە وەعزەکەیەوە، ئێستاش لە بیرمە مامۆستا شێخ ڕەسووڵ لە وەعزەکەدا وتی: خوانتەعالا کە ویستی ئادەم دروست بکا، جبرائیلی نارد مستێ خۆڵی لە «دەجنا»ی لای تایفەوە بۆ برد و بە تۆزێ لە ئاوی تایف کردیان بە قوڕ و ئادەمی لەو قوڕە دروست کرد. مەلا حەسەن وتی هەر ئەوەندم زانی لالە مارف ڕاست بووەوە و وتی ئەرێ مەلا ئەوە تۆ ئێژی چی؟ وە لای خۆتەوە عومرت کردگە! بۆ چی نایێژی بینایی چاوان جورەیلێ نارد مشتێ خۆڵی لە گوێچکەی سەی ساق هەڵگرت و قمێ ئاوی لە ئاوە جوانەکەی سەراوی سوبحاناغا بۆ برد؟ ئەگەر وەوەش ڕازی ناوی لە کانیاوەکەی حەوش و بارانی بۆ برد، وە دەسی موبارەکی شێلای، دواجار پفێکی پیاکرد باوکە ئادەم دروست بوو. چیت داگە لەم دەجاج و مەجاجە؟ تو خوا مەلا تا ئاوی سەراوی سوبحاناغا و حەوش و بارانی بوێسێ، بینایی چاوان ئەچێ لە ئاوە بێ فەڕەکەی ئەو خوارە تێرێ؟ هیچ نەوێ خۆ تۆ خوێندگتە، تا ئەو خۆڵە موبارەکی سەی ساق هەوێ پیاوێ هەقڵی بۆی ئەچێ وە لای شتی ترەوە؟ تەماشاکە ئەم دەشتی شارەزوورە خوا نەیوڕێ ئێژی هۆڕی ماڵە گەورەس گوڵ گوڵ بووگەسەوە، ئەو گشتی هی ئەو ئاوە جوانەس کە وە سەریا لرفە ئەکا، تەواشاکە ئەو شۆڕە سواری تەرخانی و ڕوغزایی و شاترییە کە ئێژی مەلایکەی سەر عەرزن، ئەگەر هی ئەو ئاو و خۆڵە نەون چۆن کوڕە کوڕەی وایان تیا هەڵ ئەکەوێ؟ بچۆرە ئەو دەشتی کەماجڕ و حەوش و بارانییە لەبەر بۆنی عەتر و عەویر ئێژی بەهەشت لە وێنەی کەوتگەسە خوارەوە. کە بینایی چاوان ئاو و خۆڵی وای لەبەر دەسا هەوێ چۆن ئێژی وە جورەیل بچۆ لەو خوارەوە ئاو و خۆڵم بۆ بێرە؟ وە قەورەکەی حەمە پاشا خوا وێت و قسەی وا ناکا. ئەوە نازانم جورائیل دزی لێ کردوێ. تۆ وێژی خوا ئەوەندە بێ ئاگا وێ، بڕوا ناکەم ؛با ئیش و کاریشی فرە وێ ئاگای لەوە هەر ئەوێ. خۆ خەوی لێ نەکەوتگە. جا مەلا ئاوا پێت ئێژم، وەو کەریمە سوورەی کەسنەزانە جارێکی تر وەعزی وا بدەی وەم گاڵۆکە سەر و پەچکت ئەنێمە یەک.