شێخ بابەعەلی تەکیەیی و مەلا عەوڵای پەسۆی...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٨)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 3 دقیقه  833 مشاهده

شێخ بابەعەلی تەکیەیی و مەلا عەوڵای پەسۆی کتێبی «خلاسە الحساب» لە لای مەلا عومەر ئەفەندی هەولێر ئەخوێننەوە. بابەعەلی بە مەلا عەوڵا ئەڵێ من تاقەتی بەرێ بەرێ و هەنووکە هەنووکەی مەلا عومەر ئەفەندیم نییە و لێی تێناگەم، بێمەوە ئەچین لە کۆڕی دەرسەکەدا دائەنیشین، تۆ بە پوختی وەری بگرە و پاشان بە منی ڕەوان کە. مەلا عەوڵا ئەڵێ بابەعەلی شتی وا چۆن ئەبێ؟ بابەعەلی ئەڵێ بە گوێم ئەکەی باشە، بە گوێم ناکەی بەو دارە سەر و بەچکت ئەنێمە یەک. ناچار مەلا عەوڵا ڕازی ئەبێ.

لە پاش تەواو کردنی کتێبەکە بە جووتە پێکەوە ئەچن بۆ بیارە بۆ لای مەلا قادری بیارە. لە بیارە مەلا نەبی ناوێکی خەڵکی ئەو باڵەکایەتییەی لێ ئەبێ، کە ئەویش هەر بۆ ئەوە چووە کە لە لای مەلا قادر بخوێنێ. ئەم «مەلا نەبی»یە پیاوێکی زیرەک و لەگەڵ زیرەکیەکەشیا تۆزێ بێ ئەقڵی هەبوو. هەر فەقێیەک بچوایە بۆ بیارە لەگەڵ ئەگەیشتە ئەوێ، بەبێ ئەوەی چاو بکاتەوە مەلا نەبی بە پرسیار لێ کردن دایئەگرت و ئەیشڵەژاند، وای لێ ئەکرد کە بە تەواوی بۆ لەوەدوا چاو ترسێن ئەبوو.

بابەعەلی و مەلا عەوڵا ناوی ئەم مەلا «نەبی» یەیان بیستبوو کە وایە، ئەگەنە نزیکی بیارە مەلا عەوڵا ئەڵێ بابەعەلی ئێستا ئێمە ئەچین و مەلا نەبی بە پرسیار دامانەگرێ، لەوانەیە نەیزانین، بە تەواوی حەیامان ئەچێ. بابەعەلی ئەڵێ مەلا عەوڵا ئەمە لێ گەڕێ بۆ من، من عیلاجی ئەکەم. ئەچن و ئەگەنە جێ، مەلا نەبی و فەقێکانی تر دێن بە پێشوازیانەوە. خەڵکێکی تری زۆر کۆ ئەبنەوە، بابەعەلی بە بێ ئەوە بێڵێ مەلا نەبی بێتە زمان ئەڵێ مەلا نەبی پرسیارێکی فەرائز: «پیاوێک مرد، ژنێک و کچێک و کەرێکی لە شوێن بەجێ ما، چۆن میراتەکەیان بۆ بەش ئەکەی؟» مەلا نەبی ئەڵێ: ژنەکە هەشت یەک ئەبا، کچەکە نیوەی ماڵەکە ئەبا و ئەوەستێ. هەرچەند فیکر ئەکاتەوە هیچی تری بۆ نایە، لە پاشا ئەڵێ ئەوەی ئەوان دیارن، بەڵام شەرعی شەریف بۆ ئەم کەرە نایەتە خەیاڵم ئێستە کەچی دانابێ، ئەم مەسەلەیە من نایزانم، دواجار سەیری ئەنواری مەزنی بۆ ئەکەم. ئیتر ببڕای ببڕای مەلا نەبی نەیوێرا جارێکی تر لە عاستی ئەوان بێتە زمان، بەڵکوو ئەو چاوترسێنی ئەوان بوو. ئەوانیش پاش ماوەیەک خوێندن لە بیارە ئەگەڕێنەوە بۆ هەولێر، ئیجازە لە مەلا عومەر ئەفەندی وەرئەگرن.