دوو کابرای سیان ئەبن بە هاوڕێ و ئەچن بۆ...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٨)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 1 دقیقه  633 مشاهده

دوو کابرای «سیان» ئەبن بە هاوڕێ و ئەچن بۆ هەولێر. لە ڕێگادا هەروا دەست ئەکەن بە قسەکردن بۆ ئەوە ڕێگاکە بە قسە ببڕن. یەکێکیان ئەڵێ ئیستە لەم ڕێگایەدا کووپەڵەیەک لیرە ئەدۆزینەوە، بەشی ئەکەین لە بەینی خۆمانا. من بەشەکەی خۆم ئەچم ڕانەمەڕێکی پێ ئەکڕم، پێوە بە تەواوی ئەحەسێمەوە. ئەوەی کەشیان ئەڵێ دەسا من بە بەشەکەی خۆم چەند گورگێکی پێ پەیدا ئەکەم بکەونە ناو مێگەلەکەت بیانخۆن. توڵەباب کوو مەڕ ڕائەگری؟ لەسەر ئەمە ئەبێ بە شەڕیان و سەر و گویڵاکی یەک ئەنێنە یەک. لەو کاتەدا سەیر ئەکەن وا پیاوێکی ڕیش سپی لە ڕێگای خۆشناوانە سواری کەرێک بووە جەوەنەیەکی لە بەردەمایە، هات. وتیان با ئەو پیاوە شەرعمان بکا، بزانین کاممان لەسەر حەقین. کەر سواریان ڕاگرت و کێشەکەی خۆیانیان بۆ گێڕایەوە. ئەویش تووڕە بوو، هەر دەستی برد پشکی جەوەنەکەی کردەوە دۆشاوی تێدابوو، دۆشاوی بەو ناوەدا هەڵڕشت و وتی خودا خینم وەکی وی دۆشاوەی لەسەر وی عەردی بڕێژێ، بران چ هەقرتان نینە و شێتن.