کابرایەکی ئەو ناو شوانە لە قنگی شێخ و...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٨)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  738 مشاهده

کابرایەکی ئەو ناو «شوان»ە لە قنگی شێخ و مەلا گەورە بووبوو، ناوی سووڕەتەکانی قورئانی هەموو ئەزانی. شەوێک چەند بارێک خەڵووزی بردبوو بۆ کەرکووک بۆ فرۆشتن. دەمەو بەیان ئەگاتە کەرکووک، بە بەر مزگەوتەکەی مەلا ناسحدا تێ ئەپەڕێ، لا ئەدا بۆ نوێژکردن، مەلا ناسح خۆی پێش نوێژەکەی ئەکرد، سووڕەتی «البقرە»ی لە نوێژەکەدا خوێند تا لێ بووەوەوە هەتاو کەوت و بازاڕی هەڕمێنی خەڵووز فرۆشتن نەما. پاش نوێژ لە مزگەوت دەرچوو بە هەر حاڵ و جۆر بوو خەڵووزەی فرۆشت و هەندێ ئیش و کاری ناوشاری هەبوو، تا جێبەجێی کرد ڕۆژ درەنگ بوو فریانی گەرانەوە نەکەوت. وتی تازە ناگەمەوە ماڵ، ئیمشەو لە کەرکووک ئەمێنمەوە لەو سەرەوە زوو هەڵئەستم و ئەڕۆم. ئەو شەوە مایەوە بەیانی زوو وڵاغی دایە پێش و ڕۆیشت، ڕێگاکەی هەر بە بەر مزگەوتەکەی مەلا ناسحدا بوو. وتی با یەکجاری نوێژەکەشم بکەم. مەلا ناسێح ئەم جارە سوورەتی «الفیل»ی خوێند، کابرا کە گوێی لە «الفیل» بوو نوێژی بڕی و کردی بە پێڵاوەکانیا و بۆی دەرپەڕی. وتی مەلا بۆ چی من نازانم «بەقەر» بە مەعنای «گا»یە و «فیل» یش فیلە، دوێنێ سوورەتی گات خوێند هەموو ئیشێکت لە دەست دەرکردم، ئیمڕۆ فیل ئەخوێنی، فیل دە ئەوەندەی گا ئەبێ، تا بانگی خەوتنان ناگەمەوە ماڵەوە، گوو بە ڕیشی باوک ئەو کەسە لە پشت سەرتەوە نوێژ ئەکا.