لە گوندێکی ئەو سەرە ژن و مێردێک شەوێک لە...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٨)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  896 مشاهده

لە گوندێکی ئەو سەرە، ژن و مێردێک شەوێک لە ژوورەوە ڕاکشابوون، سەیریان کرد یەکێ لە سەربانەوە لە کوناوڕۆژنەکەوە سەیری خوارەوە ئەکات، ئەمان تێگەیشتن کە ئەمە دزە هاتۆتە سەریان، چاوەڕێی ئەوە ئەکات کە ئەمان خەویان لێ بکەوێ، بەڵام ئەمان تەنانەت داریشیان لا نییە. بە دەم قسەوە ژنە بە پیاوەکەی وت: ئەرێ پیاوەکە تۆ باوکت هیچی بۆ بەجێ نەهێشتیت، خۆ هێشتا کاسبیەکی واتنەکردووە، ئەم سەروەت و سامانەت چۆن وا پێکەوەنا؟ پیاوە وتی: وەڵڵا ژنەکە بە دزی. وتی چۆن؟ وتی بە شەو ئەچووم بۆ دزی، دەنگم نەئەکرد تا تۆزێ شەو درەنگ ئەبوو، مانگ هەڵئەهات، شەوقی مانگەکە لە کوناوڕۆژنەی ژوورەکانەوە ئەچووە خوارەوە و ئەبوو بە کۆڵەکە، دەستم پێوەئەگرت و ئەچوومە خوارەوە، چی هەبوو نەبوو کۆم ئەکردەوە ئەمدا بە کۆڵما، دیسان بە کۆڵەکەی مانگەکەدا سەرئەکەوتمەوە، ئیتر ئەمە ئیشم بوو هەتا ئەم سامانەم بەم جۆرە پێکەوەنا. کابرای دزە لەسەر بانەوە گوێی لە قسەکانیان بوو، لە دڵی خۆیا وتی ئەمە فیلمێکی باش و بێ عەزیەت و بێ ترسە. دەنگی نەکرد تا مانگ هەڵات، خۆی لەسەر کوناوڕۆژنەکە لادا، شەوقی مانگەکە چووە خوارەوە، ئەویش دەستی پێوەگرت کە بچێتە خوارەوە، ترپەی هات و کەوتە خوارەوە، ئەستۆی ورد بوو، ئەمجا ژن و مێرد هەستان هاتنە وێزەی، ئەوەندەی تر شلوکوتیان کرد. کابراش ئەیوت: من کەوتنە خوارەوەم بەس نییە ئێوەش ئەوەندەی تر شلوکوتتان کردم، بە باشەڵێکی باشەوە ئەگەڕێمەوە دواوە.