لە دێی دڕی کچێک لەوپەڕی جوانیدا شێت ببوو...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٨)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 3 دقیقه  940 مشاهده

لە دێی «دڕی» کچێک لەوپەڕی جوانیدا شێت ببوو، لە بەر جوانیەکەشی لە هەموو ئەو وڵاتی ئالان و سیوەیلە خڵک هەر زۆر زۆر ئەهاتن بۆ خوازبێنی، هەرکە ناوی مێردیان لێ ئەهێنا کچەکە ئەوەندەی تر شێت ئەبوو. باوک و دایکەکەشی هیچ شەخس و مەلایەک نەما نەیبەن، بە هیچ جۆرێک چار نەکرا، ڕۆژێک هەڵی ئەگرن ئەیبەن بۆ لای شێخ بابەعەلی سووسە، شێخ بابەعەلی دەم و نفووسەکەی لەوانە نەبوو، هەر شتێک ببرایەتە ئەوێ چاک ئەبۆوە، ژوورێکی تاریکی هەبوو لە ماڵەکەی خۆیا، کە شێتێکیان ئەبرد ئەیخستە ئەوێ و نەیئەهێشت کەس بچێ بە لایا. کچەی شێتە یەک دوو ڕۆژ لەو ژوورەدا مایەوە، پاشان شێخ خۆی بە تەنیا چوو بۆ لای و دەرگاکەی لەودیوەوە داخست، تۆزێ بە نەرم و نیانی قسەی لەگەڵ کچەکەدا کرد، تا تۆزێ سامی شکا، پاشان پێ وت: کچم دەردەکەت چییە ڕاستم پێ بڵێ من چارەت ئەکەم. شێخ سەیری کرد کچەکە زۆر عاقڵە، شێخ دیسان قسەی لەگەڵ کردەوە تا بە تەواوی سامی شکا ئینجا کچە وتی: ئەوەی ڕاستی بێ یا شێخ من کچێنیم نەماوە، وە بە زۆریش وایان لێ کردووم، هەموو لە بەر ئەوەیە خۆمم کردووە بە شێت و کە ناوی مێردیشم لێ دێنن ئەوەندەی تر شێت ئەبم، ئەزانم کە پێ بزانن ئەمکوژن، ئەمەیە ڕاستیەکە، جا تۆیش کەیفی خۆتە. شێخ تۆزێ ڕاما و لە پاشا وتی: کچم مەترسە ڕزگارت ئەکەم! ئەمەی وت و هەستا هاتە دەرەوە و دەرگاکەی لەسەر داخستەوە. هات بە باوکی کچەکەی وت: چوومە لای کچەکە لە پاشا دۆعای جەلجەلوتی و ئەبوو دووجانەم بەسەراخوێند، چوکەچوکێک لە ناو سکیەوە پەیدا بوو، کە چاک سەیرم کرد، ئەمە شەیتانێکە و لەوێدا خۆی شاردۆتەوە، وتم مەلعوون وەرە دەرەوە ئەگینا بەم عەسایە سەر و گێڵاکت ئەنێمە یەک، تەماشام کرد نایەت و زیاتر خۆی ئەشارێتەوە، دەستم دایە عەساکەم، هەر من دەستم دایە عەسا هاواری کرد یا شێخ دێمە دەرەوە، بەڵام بەرەڵام بکەیت، وتم باشە مەلعوون بەرەڵات ئەکەم. جا ئێستا ئەو شەیتانە لە هەر کوێیەکیەوە بهێنمە دەرەوە ئەو شوێنەی عەدم ئەبێ ئەگەر لە چاویەوە دەریکەم، چاوی کوێر ئەبێ، ئەگەر لە دەمیەوە دەری کەم، دەمی لار ئەبێ، ئەگەر لە شەرمیەوە دەریکەم پەردەی شەرمی ئەدڕێ. جا ئێستا ئێوە کەیفی خۆتانە لە کوێوە ئەڵێن دەری ئەکەم؟ باوک و دایکی کچە وتیان: یا شێخ بە قوربانی ئەو دەم و نفووسەت بین، نەوەڵڵا با کچەکەمان نە؟ چاوی کوێر ببێ و نە دەمی لار ببێ هەر لە شەرمیەوە دەری کە، پەردەی کچێنی نامێنێ قیر و سیا، هەموو کەسێ ئەزانێ کە شێخ شەیتانەکەی لە شەرمیەوە دەرکردووە، لەبەر ئەوە کچێنی نەماوە. شێخ گەڕایەوە بۆ لای کچەکە، پێی وت: ڕۆڵە من وام بۆ وتوویت تۆیش هەر وا بڵێ کە بە دەم و نفووسی شێخ بایەک و خوێن لە شەرممەوە دەرچوو، ئیتر ئەو جووڵەکە لە لەشما بوو نەما! دەستی گرت و هێنایە دەرەوە، باوک و دایکی دەستیان کردە ملی کچەکەیان و دەستی شێخیان ماچ کرد و گەڕانەوە بۆ وڵاتی خۆیان کچیش بە تەواوی چاک بۆوە و هیچ عەلەمی تێدا نەما.