کابرایەک هەبوو ناوی برایمۆکە و خەڵکی...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٨)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  752 مشاهده

کابرایەک هەبوو ناوی «برایمۆکە» و خەڵکی کونەفلوسەی خۆشناو بوو. ڕۆژێک چوار بار ترێ دێنێ بۆ هەولێر. ترێکە ئەفرۆشێ و ئەگەڕێتەوە، سواری یەکێ لە گوێدریژەکان ئەبێ و سێکەی تری ئەداتە پێش خۆی، لەو سەرەوژوورەکەیەی لا پیرمامدا سەیر ئەکا وا سێ کەری لە پێشە، ئەڵێ من کە هاتم بۆ هەولێر چوار بوون، ئێستا ما بوون بە سێ؟ دائەبەزێ ئەیانژمێرێتەوە سەیر ئەکا چوارن، سوار ئەبێتەوە ئەبنەوە بە سێ. ئەڵێ دەسا شەرت بێ هەولێریان کەرێکیان لێ دزیمە.

دائەبەزێتەوە ئەیانژمێرێتەوە چوارن، سوار ئەبێتەوە سێن. ئەڵێ یا ڕەبی بە گوناحانم لێ نەگری، هەولێرییان نەیاندزییە، ئەمە ئیشی ئەم پیرمامەیە، پیر بووە ناتوانێ بڕوا لۆ عەجان، کەر لە من ئەدزێ، ئەمە لای خۆی شێخی دوو گردانە، کەچی دزیش دەکا. لەو سواربوون و دابەزینە کابرایەکی ماوەرانی چاوی لێ ئەبێ، ئەچێ بە لایەوە پێی ئەڵێ ئەوە لۆ وا دەکەی؟ ئەڵێ چسوانم، کەرانم بردییە لۆ هەولێر، چوار بوون، کەچی هەنووکە دەمێ چوارن و دەمێ سێن!. ئەڵێ ئەی ئەوەی خۆت حیساب ناکەی کە سواری بووی؟ ئەڵێ دەک مارت بە قوڕ نەگیرێ، ئەوە کو زانیت؟ دەسا دەبێ پێم برێی من کەینێ دەمرم، دیارە تۆ هەموو شتان دەزانێ. کابرای ماوەرانی بە لایەوە زۆر سەیر ئەبێ، ئەڵێ: ئەو کەرەی سواری بوویت هەر وەخت سێ تڕ و نیوەی کەند لەو هەورازەدا، تۆ دەمریت. لێک جیا ئەبنەوە.

برایمۆکە زۆر ناڕوا پیرەنێرەکەر تڕێک ئەکەنێ. کابرا ئەڵێ ئەوا هەندێکی چوو، تڕێکی تر و تڕێکی تر. ئەڵێ مایەوە سەر نیوەکەی. زۆر ناڕوا کەرەکە تسێک ئەکەنێ، کابرا ئەڵێ ئەوا تەواو من مردم. لە کەر دائەبەزێ و لەو ناوەدا لێ ڕائەکشێ و کەر بەو ناوەدا بڵاو ئەبنەوە. لە لای ئێوارەدا کابرایەک بەوێدا تێ ئەپەڕێ، سەیر ئەکا وا زەلامێک لەوێدا کەوتووە، ئەچێتە سەری نووکە پێیەکی تێوەئەژەنێ، ئەڵێ کابرا بۆ لێرە کەوتووی؟ ئەڵێ لێم گەڕێ من مردیمە. ئەڵێ چۆن؟ ئەڵێ خدری زیندە پێی وتم هەر وەخت کەرەکەت سێ تڕ و نیوی کەند تۆ ئەمری، هەنووکە ئەو کەندی و من مردم. پێی ئەڵێ هەستە هەی کەر، هەستە هێشتا ماوتە. هەڵی ئەستێنێ، کەرەکانی بۆ کۆ ئەکاتەوە و ئەڵێ بڕۆ لە ماڵەوە بمرە.