هەر ئەو گێڕایەوە وتی ئەوا لە قاتی هەرە...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٨)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  764 مشاهده

هەر ئەو گێڕایەوە وتی:

ئەوا لە قاتی هەرە سەرەوەی ئوتێلی ترۆکادیرۆ لە بەغدا لە باڵەکۆنەکەدا دانیشتبووین و سەیری ڕووباری دیجلە ئەکەین، کاتیش دەمەو ئێوارەیە، سەمەدمان لەگەڵایە. ئوتێلی «لیدۆ»یش هەیە لە تەنیشت ترۆکادیرۆوەیە، یەک دوو شێخی عەرەب، ئەوانیش لە باڵەکۆنی ئوتێلەکەی خۆیانا دانیشتوون و مێزیان ڕازاندۆتەوە. هەر دوو باڵەکۆنەکەش زۆر نزیک و بەرامبەر یەکن، هەر وەکوو ئەوە وایە لە یەک مەجلیس دانیشتبین وابوو، چونکە دەنگی قسەکردنمان ئەگەیشتە یەک. ئەوەندەمان زانی سەمەد بە دەنگی بەرز دەستی کرد بە جنێودان بە یەکێ لە عەرەبەکان. جنێو وەکوو گەڵای دار بە بێ ئەوە بیشیناسێ. کابراش هاتە جواب و وتی: کابرا تۆ شێتی وا جنێو ئەدەیت؟ ئەم هەر لە جنێو دانی خۆی نەکەوت. وتمان کوڕە سەمەد خوا بتگرێ بۆ وا ئەکەی؟ کابرا ئێستا دێت و ئەتداتە بەرشەق. وتی نایەت، من سەیرانێکە درووستی ئەکەم. وتمان چۆن؟ وتی ئەوپەڕی ئەوەیە ئەویش دەست بکا بە جنێودان بە من، چونکە ئێوە وا مەزانن ئێمە وا نزیکن و بە ئاسانی ئەگا بە من، ئەبێ لە شوێنەکەی خۆی هەستێ چل پەنجا پێ پلیکانە ببڕێ تا ئەچێتە خوارەوە، ئەمجا بێتە ئوتێلەکەی ئێمە، چل پەنجا پێ پلیکانەی تر ببڕێ تا ئەگاتە من، کابرا تاقەتی ئەمانەی نییە. ئەوا وتمان ئەم هەموو قاڵدرمانەی بڕی و هات، زانیم کە دەرکەوت من خۆم ون ئەکەم، ئەو ئەوەندەی تر تووڕە ئەبێ، لە جنێودان بەولاوە هیچی تری بۆ نامێنێتەوە، با بۆ خۆی هەر جنێو بدا، بەڵام ئەشزانم نایەت، ئەگەر بێتیش تا ئەگاتە ئێرە سارد ئەبێتەوە.