حاجی مەلا سەلامی مامۆستا مەلا حسێنی پیسکەندی
حاجی مەلا سەلامی مامۆستا مەلا حسێنی پیسکەندی بۆی گێڕامەوە وتی: ئەوا حاجی ئەحمەدی کڕنوو لەگەڵ شێخ ئەمینی خالیدا ئەچن بۆ حەج و ئەگەڕێنەوە، ئەو سەردەمە بە کاروانی وڵاخ ئەچوون بۆ حەج، ڕێگای کاروان لە گەڕانەوەدا دەشتی «سەنگاو» بوو، هۆبەی جاف ئەو دەشتەی داگیر کردووە، کاروانەکەی ئەمانیش لە لایەکەوە بارگە ئەخەن و ئەمێننەوە، ناو و ناوبانگی شێخایەتی و پیاوچاکی حاجی ئەمین لەو ناوەدا بڵاو ببۆوە.
ژنەکوێخا جافێک، منداڵێکی بوو نەخۆش کەوتبوو، بەناوبانگی حاجی شێخ ئەمینەوە هاتبوو بۆ ئەوە کە شێخ دۆعای بە سەرا بخوێنێ و چاک بێتەوە. کە ئەگاتە جێ، حاجییەکانی تر، ئەحەی کڕنوو بە ژنەکە پیشان ئەدەن و پێی ئەڵێن: ئەوە حاجی شێخ ئەمینە، ژنەش ئەچێ تەماشا ئەکا ئەحەی کڕنووی بە حاجی شێخ ئەمین ناسراو، پیاوێکی موبارەکە و چەند تەڵە موویەکی درێژی سپی لە چەنگایەوە دەرهاتووە و تەزبێحێکی بە دەستەوەیە و لەسەر بەرماڵ ڕوو وەقیبلە دانیشتووە و سەری داخستووە، چاوەکانی ناوە بە یەکا و لە موراقبە دایە، منداڵەکەی فڕێ ئەداتە باوەشی و ئەڵێ: یا شێخ! بیکە وە خاتری ئەو کەسە کە ئەو دەمونەفەسەی پێ داگیت، دۆعایێک بخوێنە وەسەر ئەم منداڵەما با خاس بوێتەوە.
ئەحەی کڕنوو چاو بەرز ئەکاتەوە سەیرێکی منداڵەکە ئەکا، ئەمجا چاوی قیچ ئەکاتەوە و چاوی تێ ئەبڕێ، دەمی بۆ لار ئەکاتەوە، دانی لێ ڕیچ ئەکاتەوە، تەکە تەک بەو چەند تەڵە مووئە ڕیشەکەی هەیبوو، ئەیهێنێ بە سەریا، پاش ئەمانە پڕمەیەک ئەکا بە سەر منداڵەکەدا! منداڵ کە چاوی بەو سەر و سەکوتە ئەکەوێ و گوێی لەو پڕمەیە ئەبێ، ئەداتە زیڕەی گریان و ئەچێتە تاسەوە! ژنە هەر هەڵئەستێ و پەلاماری منداڵەکەی ئەدا و ئەیفڕێنێ و ئەڵێ: بێرە منداڵەکەم، هەی گووی دار و بەردت لێ وارێ و گوو وە ڕیشی باوک ئەو کەسەی تۆی وە ئێمە نیشان دا، تۆ غەزەوی خوای، کەی شێخی دوا و ڕای؟ خۆ منداڵەکەت کوشت، هەی گوو وە ڕیشی باوکت بۆ خۆت و شێخێتیت!