مەلا ئەوڕەحمان هەبوو لە سولەیمانی ڕۆژێک...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٥)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 1 دقیقه  567 مشاهده

مەلا ئەوڕەحمان هەبوو لە سولەیمانی، ڕۆژێک هەندی لە مەلاکانی وەکوو شێخ بابەعەلی تەکیەیی و شێخ نووری بابەعەلی و مەلا حسێنی پیسکەندێ ڕووی لێ ئەنێن کە بانگێشتنێکی نانخواردنیان بکا، ئەویش -سەلامەت بێ- هیچی لە دەست نەئەبووەوە. تا ماوەی شەش مانگ بەمجۆرە لەگەڵی خەریک ئەبن، لە ئەنجاما بەڵێنیبان ئەداتێ کە بابە ئیمشەو بۆ نانخواردن لە ماڵی ئێمە ئەبن و کێش لەگەڵ خۆتان دێنن بێنن.

ئەمە خەبەرێکی خۆش بوو، بۆ ئێوارە مەلاکان هەندێکی تریش لەگەڵ خۆیان ئەبەن و ئەچن بۆ ماڵی مەلا ئەوڕەحمان، بە قسەکردن ڕایئەبوێرن و خۆیان ئەخەڵافێنن. سەیر ئەکەن هیچ دەنگوباسی نان هێنان نییە، شێخ بابەعەلی خۆی پێ ڕاگیر ناکرێ، ئەڵێ مەلا ئەوڕەحمان برسیمانە کوا نان؟ ئەویش ئەڵێ قوربان پەلە مەکە، ئەکەوێتە درەنگ سەیر ئەکەن نان هەر نییە. ئەمجا هەموویان ئەڵێن مەلا لە برسا مردین کوا نان؟ ئەویش ئەڵێ بێ بەڵا بن دوانزە مانگەی خوا نان و گۆشت ئەخۆن، با ئیمشەو هیچ نەخۆن چی ئەبێ؟ بەمجۆرە دەستیان پێوە ئەنێ و هیچیان ناداتێ بە سکی برسی ئەگەڕێنەوە..