لەو کوێستانی سەر سنووری تورکیایە لە گوند...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٥)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 14 دقیقه  738 مشاهده

لەو کوێستانی سەر سنووری تورکیایە لە گوندی «باڤو» پیاوێکی زۆر زۆر لە خواترسی بەنەخوێن پاک هەبوو، بە ناوی «پیران» ەوە ناوی دەرکردبوو، ژنێکی هەبوو «خەجێ»ی ناو بوو، ئەم پیرانە لەو ڕۆژەوە بلۆقی بووبوو تەرکی دنیای کردبوو. لە ئەشکەوتێکی دوور لە گوندەکەوە خەریکی خواناسی و نوێژ و ڕۆژوو و زیکر و فیکر بوو، بە هیچ چۆر توخنی ئاوەدانی نەئەکەوت. بە تەواوی دوور لە بێگانە و نزیک لە یەگانە بوو، خەجێ جار جار نانێکی بۆ ئەبرد، بەو نانە قنیاتی ئەکرد، نزیکبوونەوەی لە خوا بەتەواوی تێری کردبوو لە دنیا، بەم جۆرە چل ساڵی ڕەبەق خەریکی عبادەت و خواناسی بوو، تەمەنی جوانی خەجێی ژنی لە بەهاری گەنجییەوە کەوتە خەزانی پیری. دان کەل و چاو کز و گوێی هەر دووکیان گران بوو، بەڵام «پیران» لە مەعنەویاتی پیران بەشێکی وەرگرت و بە تەواوی جێگای خۆی بە هۆی دووربوونەوەی لە دنیا لە کۆڕی خواناسانا تەخت کرد.

شەوێک لە نیوەشەوا لەو وەختەدا کە ماڵ بێ ئەغیارە و دۆست خەبەردارە، لەو وەختەدا کە دڵی خواناسان پەردەی تاریکی لەسەر هەڵئەگیرێ، بەو ڕووناکییەوە ڕوو ئەکاتە نووری خوا، دەنگێکی لە پشت پەردەی نهێنییەوە هاتە گوێی: ئەی پیران! لەبەر ئەوەی کە تۆ ئەمە چل ساڵە لە زیکر و فیکری خوا دایت و بەتەواوی پشتت لە دنیا کردووە و ڕووت لە خوا، لە پاداشی ئەم عبادەتی چل ساڵیەتدا خوا سێ نیازت لێ قەبووڵ ئەکا، جا خۆت سەرپشک بە، سێ شت داوا بکە خوا بە هاناتەوە دێت، هەر سێ شتەکەت بۆ بەدی دێنێ.

پیران لە بیستنی ئەم دەنگە تاسێک بردییەوە و هەروا سەری سووڕما و هەروا کەوتە دەریای خەیاڵەوە. وتی ئەمە ئەبێ دەنگی شەیتان بێ و بیەوێ لە خشتەم بەرێ. بەم جۆرە مایەوە تا کەوتە شەوی دوایی، دیسان لە هەمان کاتا هەمان دەنگ بە چەشنی قسە هاتەوە قسەکردن و ئەوی دوێنێ شەوی پێ وتەوە. پیران ئەوەندی تر کەوتە سەرسامییەوە و پەژارە بە تەواوی دایگرت، نەیئەزانی چۆن لەم گێژاوە خۆی دەرباز کا. هەروا ئەتلایەوە تا کەوتەوە شەوی سێیەم و کاتەکەی شەوان، دیسان دەنگەکەی هاتەوە بەر گوێ و وتی پیران هەر ئەم شەوەت ماوە، ئەوی داوای ئەکەی بیکە، داوای ناکەی بەسەر ئەچێ.

کە ڕۆژ بووەوە خەجێی خێزانی لەسەر جاران هەندێ نوێردووە نانی بۆ هێنا و هاتەوە بۆ لای، سەیری کرد کە پیرانی مێردی بە تەواوی ڕەنگی هەڵبزرکاوە و هیچ ڕەنگ لە ڕوویا نەماوە، پرسی پیاوەکە بۆ چ وات لێ هاتووە؟ پیاوە هیچ دەنگ ناکا. زۆر سەری خستە سەری، لە ئەنجاما وتی خەجێ واز بێنە، شەیتان ئەیەوێ لە خشتەم بەرێ. وتی ئەیەڕۆ چۆن؟ تۆ پیاوی خوای، شەیتان بە تۆ ناوێرێ. پیران دەستیکرد بە گریان و بە هەناسە هەڵکێشان، سۆزی دەروونی ئەگەیشتە گەردوونی ئاسمان.

خەجێ وتی پیاوەکە دەنگ بکە سوێم بووەوە. پیران وتی ئافرەت دەنگی چی بکەم؟ ئەمە سێ شەوە نیدایەکم بەر گوێ ئەکەوێ ئەڵێ تۆ چل ساڵە گۆشەگیریت کردووە بە پیشە و خواناسی ئەکەیت، ئێستا خوا لە تۆڵەی پارێزگاری ئەم چل ساڵەدا سێ نیازت بۆ بەجێ دێنێ، داوای بکە. ئەمە جگە لەوە کە دەنگی شەیتانی بێ و بیەوێ لە خشتەم بەرێ هیچی تر نییە. خەجێ وتی ئەیەڕۆ پیاوەکە بۆ وا ئەڵێی تۆ پیاوێکی دیندار و خواناس بوویت، ئەمە چل ساڵە خۆتت دوور گرتووە لە هەموو نافەرمانییەک، خوا ئەگەر تۆڵەی یەکێکی وەکوو تۆ نەداتەوە تۆڵەی کێ ئەداتەوە؟

خەجێ بەم قسانە وردە وردە پیرانی سارد کردەوە و هێنایە سەر ئەوەی کە ئەو دەنگە نهێنیە دەنگێکی ڕاستەقینەی خواییە و دوورە لە شەیتان و هیچ لە خشتەبردن نییە. ئەمجا پیران وتی باشە ئافرەت داوای چی بکەم؟ داوای ئیمان و عاقبەت خێری بکەم؟ داوای ئەولادی چاک و ساڵح بکەم؟ داوای ماڵ و سامان و پایەی دنیایی بکەم؟ داوای چی بکەم؟

خەجێ وتی پیاوەکە یەکەم نیاز و داوات ئەوە بێ کە خوا من گەنج بکاتەوە و بمباتەوە تافی جوانی و ڕەنگ و ڕووخسار و جەمالێکی وام بداتێ لەم دنیادا وێنەم نەبێ. ئەو وەختە من ئەم چەند ساڵە چەندم خزمەت کردووی بە گوڕ ئەبمەوە، ئەوەندەی تر و زیاتر لەوەش خزمەتت ئەکەم، ئاسایشی دین و دنیات بۆ پێک دێنم و لە خێزانی «ئەیووب»ی پێغەمبەر چاکترت خزمەی ئەکەم و زیاتر بە هاناتەوە دێم.

پیران وتی ئافرەت من و تۆ تازە تەمەنمان ڕابواردووە، خۆشی و ناخۆشی دنیا هەر شتێک بووبێت بەسەرمان بردووە، من کە دوعا ئەکەم با دوعای ئەوە بکەم بکەم خوا ئەولادی چاک و ساڵحمان بداتێ، هەم بە کەڵکی ئەوەمان دێ لە دنیادا تا ماوین بە هانامانەوە دێن و بە دەردمان ئەخۆن، کە مردیشین یەکێک ئەبن لەو شتانەی کە پێغەمبەر لە بارەیانا وتوویە خێر و سەدەقەیەکی ڕەوانن، قەت دوایی نایەن.

خەجێ وتی پیاوە کە من گەنج بوومەوە ئەو ئەولادەی کە تۆ ئەڵێیت ئەبێت بە خێر و سەدەقەیەکی جاری، ئەوەش ئەبێت و منیش گەنج ئەبمەوە و تۆیش ئەکەویتە ڕەحەتی، بە یەک دوعا سێ شتی زۆر بە کەڵکمان بۆ دێتە دی.

خەجێ بەم جۆرە قسانە و بەم جۆرە ئامۆژگارییانە بردییە دڵی پیرانەوە کە قسەکەی زۆر باشە و بەیەک داواکردن سێ شتی زۆر گەورەیان بۆ پێک دێت، بەڵام هێشتا هەر بە تەواوی دڵی نەیئەهێنا. وتی ئافرەت ئەم سێ دوعایە کە من ئەیکەم یەکێکی بۆ عاقیبەتی خێری و ئیمانداریمان بێت. یەکێکی بۆ ئەولادی چاک و ساڵح بێت، یەکێکیشی بۆ ماڵ و سامان ىێت. ئەو وەختە هەم دینیشمان ئەبێت هەم دنیاش.

خەجێ وتی پیاوەکە ئەوە تۆ ئەڵێی چی؟ سێ نیازەکە بۆ لە شتێکا ئەخەیتە کار، کە ئەو سێ شتە بە یەک دوعا جێبەجێ ببێ؟ کە من گەنج بوومەوە ئەو وەختە بە سانایی ئەتوانم خزمەتی مناڵەکان بکەم، ئەو مناڵانەی کە لە من و لە تۆ بن، ساڵح و چاک ئەبن، کە گەورەش بوون ئیش و کار ئەکەن، لە بەرهەمی ئیش و کارەکەی ئەوان دەوڵەمەند و خاوەن سامانیش ئەبین، بەهۆی چاکە و سەڵاحەتەکەشیانەوە سەدەقەی جاریشمان بۆ دروست ئەبێ. فەرمایشی پێغەمبەر دێتە دی، عاقبەتمان خێر و ئیمانداریش ئەبین.

پیران قسەکانی خەجێ بە تەواوی کاری تێ کرد و بڕیاری دا کە یەکەم دوعای جوانبوونەوەی خەجێ و بە ئاوات گەیشتنی خەجێ بێ. شەوی دوایی لە نیوەشەودا چووە سەر بەرماڵ، دەستی بەرز کردەوە و داوای ئەوەی کرد لە خوا کە خەجێی خێزانی بچێتەوە تەمەنی گەنجی و جوانیەکی باشی بداتێ.

نزای پیری پیران لە گۆشەی ڕەشماڵانا جێگیر بوو. بەیانی کە هەستان سەیری کرد خەجێ ئەو خەجێیە نەماوە، ناسک و نازدارێکە، نە بخۆیت و نە بکەی هەر تماشای گەردنی بکەی، دوو چاوی ڕەشماڵ، دوو گۆنای پڕ ئاڵ، سەر پڕ لە قژی ئاوەڵدامەنی کاڵ، لە سنگ و بەرۆکا، لە بەژن و سەرۆکا، وێنەیەکی بێ وێنەی ئەم ژێر ئاسمانی شینە بوو. نە زوڵەیخای میسری و نە شیرینی ئەرمەن، نە چاو بە خوماری کوردستان و نە پەلک سەوزی داستان هیچیان نەیئەگەیشتنێ، زمان هەر ئەوەندە ئەتوانێ بڵێ وێنەیەک بوو لە نەخشی کردگار تازە بە تازە کەوتە ناو ڕۆژگارەوە.

لەو لاوە کە خەجێ تەماشای خۆی کرد، خۆی بەڵەندامێک هاتە بەرچاو لە بازاڕی شۆخیدا، نە فریشتەی ئاسمان، نە پەری کێوی قاف، کەسیان ناوێرن شان بدەن لە شانی. گوڵی نەونەمامی بەهاران، پەلکە زێڕینەی ئێواران نموونەیەکن لە کاڵای باڵای وەکوو چەتری تاوس. خۆی بڵاوکردەوە دڵی بووژایەوە، ڕووی گەشایەوە، خەرامان خەرامان بەسەر نازا ناوی ئەکرد، گوڵ لە ڕوومەتیا شەوبۆ لە بۆیا سەری شەرمەزاری و ڕووی ژاکاویان دانەواند. خوا بیدا ئاوای ئەدا.

بەمجۆرە خەجێ کەوتە ناو لالەزاری جوانی و شۆخی، وردە وردە ناوبانگی ناسک و نازداری خۆی بیستەوە. بە جۆرێک بیستیەوە کە خەرامانی چینی لە چاو ئەما کەنیزەکی زەنگییە. ڕۆژبەڕۆژ زیاتر ئەبوو بە نیشانگای پەنجەی سەوداسەران، هەر ئەوەندە بۆ خەجێش وەکوو تاوسی لێ هاتبوو، چۆن تاوس سەیری چەتری کلکی خۆی ئەکا و فیز ئەیگرێ و ئەگەشێتەوە، کە سەیری قاچی ئەکا فسی ئەنیشێتەوە، ئەمیش کە سەیری جوانی و بیستنەوەی ناوبانگی خۆی ئەکرد ئەوەندەی تر گەشکە ئەیگرت، بەڵام کە سەیری پیرانی دان کەلی چاو کزی سەر لەرزۆکی ڕیش کلووی بەفری مێردی ئەکرد، سەری ئەبردەوە بە قوڵاخی خۆیا.

لە ئەنجاما وردە وردە پێی لە پیرانی مێردی بڕی و کەمتر ئەهات بە لایا، ئەو خزمەتەی کە جاران هەیبوو بۆی، لە باتی ئەوەی لێی زیاد بکا، هەر کەمی ئەکردەوە. ئەو ماڵ و منداڵانەی کە جاران بە تەنگیانەوە بوو، ئێستا چکە چکە بەرەڵای کردن و خستنیە پشت گوێ، ماڵ بێ خاوەن و بێ ناز مانەوە، پیرانی بە ناو مێردی هەرچەند قسەی لەگەڵ ئەکرد بە لالووتەوە جوابێکی ئەدایەوە. خەجێ ئەوی بە دڵیا نەهاتایە ماڵ و منداڵ و پیرانی مێردی بوو. سەرمەستی دنیای ئاهەنگ و جوانیی بوو، لە باتی کوڕە لاوێک هەزاری وەکوو ئەمیر ئەرسەلانی ڕۆمی و جوامێری هەمەوەن و شەمسام ئاغای تەرگەوڕی لەبەر دەرگایا ئەکەوتن. کاڵای ناوازەی شاران بەناوی دیارییەوە بە بار هەر وەکوو باران ئەباری بە سەریا. خەجێ کە جاران بە خواردنی نانی هەرزن و لەبەرکردنی کراسی جای هەجیجی ڕایئەبوارد. ئێستا شەکری ئەخوارد و بە شیر دەستی ئەشۆرد، ئاوریشمی لەبەر ئەکرد و پێڵاوی زەڕکفتی لە پێی ئەکرد، نە یادی پیرانی لە دڵا ما، نە نازی منداڵان، پیران بێ ژن و منداڵ بێ دایک و ماڵ بێ کەیبانوو مانەوە، هەر چەندە پیران ئەیوت ئافرەت تؤ چیت وت و ئەمە چییە؟ خەجێ وەکوو گوێزی بۆ بژمێرن وابوو، کاتێک ئاهەنگی خۆی بە هیچ نەئەگۆڕیەوە.

پیران کەوتە ئامۆژگاریکردنی و پێی وت ئافرەت ڕۆژانی ڕابوردووت لە بیر بێ، ئافرەت ڕۆژان ڕۆژی لە دوایە، بۆ منت بەرەڵا کرد و مناڵت سەرگەردان کرد. پرسە لە هۆزی ئاهی دەروێشان، دنیا لەسەر یەک لا ناسووڕێتەوە، بیر لەو خوایە بکەرەوە کە تۆ لە چ ڕۆژێگارێکا بوویت و بە یەک هەناسە کەوتیتە چ ڕۆژێک، هەر ئەو خوایە ئەو دەسەڵاتەی هەیە بتباتەوە دۆخەکەی جاران، وازبێنە و لە کەلی شەیتان وەرە خوارەوە.

خەجێ وتی: ئەی پیری بێفەڕی لاتی پەککەوتووی لە برسا مردوو، عەمری خۆت و مناڵت نەمێنێ، تۆ چیت و خۆتت بە چی داناوە؟ بەو سەر و سەکوتەوە ئامۆژگاری من ئەکەی. من ئێستا هەزارێک لەبەر دەرگاکەما کەوتوون، سەگەکەنیان وەکوو تۆ وانە، تۆ چ ڕایێکت هەیە خۆت بە منەوە ببەستی؟ چاوت بکەرەوە من کێم و تۆ کێیت، تۆ ئەسپێ تێی داویت، ئەتەوێ خۆت بەسەر منەوە پاک کەیتەوە.

من تۆ هەر ناناسم و هیچ پەیوەندیەکت لەگەڵ منا نەبووە، ئەم فڵتە فڵتەت لە چی، تۆ کەی لەو پیاوانە بوویت نازک و نازدارێکی وەکوو من چڵمت پیا بسوێ، یا بە پەڕۆی پیس هەڵت بگرێ. ئەم نابەجێیەی ئێستا کردت جارێکی کە نەیکەیتەوە، ئەگینا ئەڵێم بەو کەسانە کە لەبەر دەرگاکەما کەوتوون زیندە بە چاڵت کەن. تۆ ڕایەی ئەوەت ناکەوێ من مناڵم لە تۆ بووبێت، منداڵی چی و شتی چی؟ من گوڵێکم لە باخی جوانیی ئەم دنیایەدا، بڕۆ، بڕۆ چیت لە دەست دێ درێغی مەکە. ئەمەی وت و لە ناو شەپۆلی دەریایەکی گەورەییدا لێیدا ڕۆیشت.

ئەم قسانە کاری کردە دڵی پیران، بەڵام کە بیری ڕۆژانی پێشووی و بیری لانەوازی مناڵەکانی ئەکردەوە، هۆنە هۆن فرمێسک ئەهات بە چاویا و هەر ئەیوت لێ بووردن باشە، ئەیناردەوە بۆ لای خەجێ، لە جارانی پێشوو خراپتر جوابی ئەدایەوە، کە مناڵەکانی ئەنارد بۆ لای ئەیوت بەڵکوو بەزەیی پیایانا بێتەوە، ئەو مناڵی دەرئەکرد و ئەیوت ئێوە هیچ مناڵی من نین. بە کورتی خەجێ لە ناو ئاهەنگی خۆشگوزەرانی و ڕابواردنی شاهانەدا مەست بووبوو، نە پیرانی بە دڵا ئەهات، نە مناڵی خۆی و پیران.

پیران ئیتر گەیشتە جەرگی، شەوێک بۆی لەسەر بەرماڵ دانیشت و دەستی بەرز کردەوە، وتی: خوایە نیازێکی ترم کە پێت هەیە ئەوەیە خەجێی ژنم بکەیت بە دێڵەسەگێکی ڕەشی جوار چاو. تیری دوعای پیران لە ئاسمانەوە تێ پەڕی و گیرابوو، خەجێ پێستی سەگی چوار چاوی کرا بە بەرا و بوو بە دێڵەسەگێک، ئەجووڵێتەوە و ئەشکێتەوە سەیر ئەکا لە پێستێکی ترایە، هاوار ئەکا لە نووزە و قوڕەیەک بەو لاوە، هیچی تری لە دەم نایەتە دەرەوە. هۆشی هەیە، بەڵام زمانی نییە، گیان هەیە بەڵام لە پێستێکی ترایە، سەیری خۆی ئەکا ئایا ئەمە خەجێی خەرمانی چینە، یا دێڵەسەگێکی چوار چاوی ماچینە؟ ئەمەی ئێستە خەوە و ئەیبینێ، یا ئەوەی پێشووی خەو بووە و ڕۆیشتووە؟ ئەتلێتەوە و ئەپڵێتەوە، ئەیەوێ قسە بکا قسە نییە، هەر کەس دێ بە لایەوە لە باتی چاو بە خوماری کوردستان سەگێکی گەرمیان ئەبینێ. ئەڵێ چاو بە خومار فریشتەیەک بوو باڵی گرتەوە ئێستە لە شوێن ئەوا سەگێک جێی گرتۆتەوە.

بەرەبەرە دەوری ماڵە گەورە چۆڵ بوو، ئاغا و جووتیار کەوتنەوە گەڕانەوە، هەر کە بۆ دیار. کەنیزەکەکانی کارەکەر ڕوویان کرد و کەوتنە گەڕ،لە باتی هێنانی سینی شیر و شەکر، بوو بە فڕێدانی لەتکە نان و لولاقی کەر. لە باتی باوەشێنی نازداران بوو بە لووتە شەقی ڕێبواران، لە باتی دەنگی های و هووی سەرخۆشانی عەوداڵی دووی بەشان، دەسڕۆک بوو بە دەنگی ئادەی چخە لەو کسۆک. ئەو بارەگای ئاوەدانە بوو بە کاولە و وێرانە. خەجێ نووزەیەکی لە زەوی و یەکێکی لە ئاسمانە، هەرکەس بە لایا ئەڕوا ئەم سەیری ئەو ئەکا و ئەو سەیری ئەم ئەکا، ئەم بە چاوی بە بەزەییەوە ئەنوزێنێ، ئەو بە چاوی خەشمەوە ئەبۆڵێنێ. دەنگ و باسی سەردەمی ئەم و پیران لە ناو خەڵکا هەبوو، یەکێ ئەیوت ئەمە خوای پیرانە، یەکێ ئەیوت ئەمە دێڵەسەگی گوێ ئاگردانە، ئەوی لێرە بوو فریشتە بوو ئیستە لە ئاسمانە، هەتا یەکی گرت قسەی ئەم هەمووانە. گشت وتیان: ئەمە ئاهـ و نزوولەی شێخی پیرانە، ئەی خەجێی بەدبەختی ئاخرشەڕ هیچ چارت نییە ئەوە نەبێ پەنا بەریتە بەر ئەشکەوتەکەی پیران. خەجێ ئەمانەی هەموو گوێ لێیە، بەڵام ناتوانێ قسە بکا، لە نووزە بەو لاوە زمانی ناگەڕێ بە شتێکی تر. هەر چەندە سەیریش ئەکا کەسێک نییە بە دادیا بگا و تیماری دەردی کاریگەری بکا.

لە ئەنجاما هیچ جارێ نەما بە تلاوتل و بە کلکە لەقێ خۆی گەیاندە ئەشکەوتەکەی پیران. پیران دەرکی ئەشکەوتی لێ پشکۆڵ کرد. خەجێی دێڵەسەگ بەدەوری ئەشکەوتا ئەگەوزی و ئەینووزاند و ئەیقۆڕاند، مناڵەکانی لێ کۆبوونەوە، منداڵ سەیری ئەویان ئەکرد ئەگریان، ئەو سەیری مناڵێ ئەکرد ئەیناڵاند و ئەیقۆڕاند. منداڵ ئەچوونە لای پیرانی باوکیان، باوکیان لە دەریای خەم و پەژارەدا نقووم بووبوو، ئەهاتنەوە لای دایکیان لە سەگێکی ڕەشی چوارچاوی تەپاوتلکەر زیاتر هیچیان بەرچاو نەئەکەوت، ئەیاندایە پڕمەی گریان، لە گریانی ئەوان و دایکیان و پەژارەی باوکیان ئەرز و ئاسمان بەزەیی ئەهاتەوە پێیانا.

مناڵەکان چوون ئەمجارە کەوتن بەسەر باوکیانا و بە گریان و زاری ئەمان و لەو لاوە بە دەنگی نووزە و پاڕانەوەی خەجێ ئەمیش دەستیکرد بە گریان بەسەر مناڵەکانیا. ماوەیەک بەم جۆرە تێ پەڕی، بڵێسەی ئاگری دەروون ڕۆژبەڕۆژ تیژتر ئەبوو، ئاگری جگەر پیرانی هەڵگرت، شەوێک لە نیوەشەوا بۆی چووەوە سەر بەرماڵ و دەستی بەرز کردەوە، وتی: خوایە نیازێکم ماوە گیرای بکەی، ئەویش ئەوەیە لەبەر خاتری مناڵەکانم خەجێی ژنم بەریتەوە دۆخەکەی جارانی و ببێتەوە بە خەجێکەی جاران. تیری دوعای گیرابوو، خەجێ پێستی سەگی لە کۆڵ بۆوە و بووەوە بە خەجێکەی جاران و چووەوە ئەو دۆخەی کە لەگەڵ پیرانا بە کزییەوە دائەنیشتن، ئەوەندە هەبوو پیران نوێژ و ڕۆژووی چل ساڵ، هەر سێی دوعاکەی، بە تڕەکەی خەجێدا دەرچوو.