حاجی مەلا عومەری چۆمان دوو بزی گێڕایەوە...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٥)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  476 مشاهده

حاجی مەلا عومەری چۆمان دوو بزی گێڕایەوە، وتی: ساڵی کولوەکە بوو. ئەفەندییەک هاتبوو ژارە کوللەی هێنابوو. بەو دەشتی هەولێرەدا ئەگەڕا. وتی هاتە گوندی گردەسۆر. مامۆستا مەلا «شریفی بشر» لەوێ مەلا بوو وە یەکێک بوو لە مەلا چاکەکانی ئەو وڵاتە. ئەفەندی مامۆستای بە گیر هێنا پێی وت، مامۆستا چەند ئەستێرە بە ئاسمانەوە هەیە؟ ئەویش وتی نازانم. ئەفەندی وتی من ئەزانم. ئەم نازانمەی مامۆستا وای لە مامۆستا کرد بە جارێ هەموو شتێکی لێ تێکدا و ئەفەندی بە تەواوی خۆی قیت کردەوە و بە ڕاستی لە سەرەوە بوو. هەموو جاریش دەستی بە سمێڵیا دەهێنا ،ئەیوت ئێوە هیچ نازانن و هەروا بە خۆڕایی هاتوونەتە ناوەوە.

لەو کاتەدا کرمانجێک هەبوو ناوی عەزیز بوو، هات بەسەرا و سەیری کرد مامۆستا زۆر عاجزە بە دەست ئەفەندیەکەیەوە. وتی مامۆستا ئەوە لۆ وا حاجزی؟ وتی وەڵڵا حەزیز ئەم ئەفەندیە شڕی کردیمە. وتی لۆ؟ وتی پرسیارێکی وای لێ کردیمە نایزانم و ئەویش دەرێ من دەیزانم، بەوە بە تەواوی سوارم بووە. عەزیز وتی مامۆستا ئەتەوێ من وەرامی بدەمەوە؟ وتی جا حەزیز لۆ کەیتە؟ عەزیز ڕووی کردە ئەفەندی وتی، ئەرێ ئەفەندی ئەوە ئەو بەستۆرەیە چەند بەردی تێدایە؟ ئەفەندی وتی نازانم. عەزیز وتی: «جا ئەفەندی تۆ لە حەردی نەزانی لە ئاسمانان کوو دەزانی؟». ئەفەندی وشک بوو، ئیتر هیچ نەهاتە قسە. ئەم سەرەی کە دایخست بەرزی نەکردەوە هەستا لێیدا ڕۆیشت، ئەمجا عەزیز کەوتە جنێودان پێی.